رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی گیراوانی لالەزار رایگەیاند، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و گوشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێک بە رێڕەوی یاسایی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوەبچێت".
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دادگایی‌کردن و گواستنەوەی "گیراوان و تۆمەتبارانی" رووداوەکەی ئابی ساڵی رابردووی لالەزار بڵاوکردەوە.
دڵشاد شەهاب لەبارەی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی "دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و گوشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێک بە رێڕەوی یاسایی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوەبچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆي‌دا و بەپێی رێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە".
دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوەش دەدات، دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە رێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جه‌نابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگایی‌کردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.
لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لايه‌ك ڕوونی بکەینەوە، دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکرا، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره که به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوهرييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانه‌وه، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆي‌دا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.
له کۆتاییدا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ