روبیۆ: ئۆتۆنۆمیی کورد بنچینەی دیدگای ئەمریکایە بۆ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە 21-05-2025، لە دانیشتنێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، تیشکیان خستە سەر دۆخی عێراق، رۆڵی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی ئێران.
ویڵسن نیگەرانی خۆی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ رێگری لە رێککەوتنە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە کاتێکدا روبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە "ئۆتۆنۆمیی کورد بنچینەی دیدگای ئەمریکایە بۆ عێراق."
جۆ ویڵسن ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ئەمەریکییەکان واژۆ کردووە بۆ گەڕان و پەرەپێدانی تواناکانی نەوت بە بەهای ملیاران دۆلار لە هەرێمی کوردستان، بەڵام نیگەرانی خۆی نیشاندا و گوتی: "بەداخەوە، رژێمی تاران کاریگەری لەسەر بەغدا داناوە و هەنگاوەکانی بەغدا کۆنترۆڵ دەکات. بۆیە ئێران دەستوەردەدات و هەوڵدەدات رێککەوتنەکان رابگرێت،" پرسیاریشی کرد: "چی دەکرێت بۆ برەودان بە ئازادی بۆ توانای کوردستان و حکومەتی هەرێمی بۆ ئەوەی بە راستی پشتگیری خەڵکی عێراق بکەن؟"
لە وەڵامدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "یەکەمجار روونمان کردووەتەوە کە بنچینەی نزیکبوونەوەمان بەرامبەر عێراق بریتییە لەو ئۆتۆنۆمییەی کە دانیشتووانی کورد لەو بەشەی وڵاتدا هەیانە. بەشێک لەوەش بریتییە لە رێگەدان بەو دەرفەتە ئابوورییەی کە رێگەیان پێدەدات گەشە بکەن و سەرکەوتوو بن."
روبیۆ گوتیشی: "بەرپرسانی عێراق ئارەزووی خۆیان بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر و باشتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەربڕیوە. ئێمەش روونکردوونەتەوە کە کرۆکی ئەوە بریتییە لە رێزگرتن لەو کۆمپانیایانەی وڵاتەکەمان کە لەنێو عێراق کاردەکەن. هەروەها رێزگرتن، وەک گوتم، لە ئۆتۆنۆمیی کورد."
سەبارەت بە هەژموونی ئێران لە عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "کاریگەریی ئێران بەداخەوە لە هەندێک کەرتی حکومەتە هەڵبژێردراوەکەیاندا بەردەوام بووە لە گەشەکردن."