هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن دەکات؛ 70٪ی هوتێلەکانی دهۆک گیراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاریان دەکرێ، کە لە بۆنەکاندا لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان. بەرپرسان دەڵێن، لە سلێمانی بەشێکی هۆتێلەکان بۆ گەشتیار گیراون و لە دهۆک 70%ـی هۆتێلەکان بەشێکیان بۆ گەشتیارانی جەژن گیراون.
 
بەهۆی دۆخی ناوچەکە و جەنگەوە، جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵ "کەمترین گەشتیار" لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتنە هەرێمی کوردستان. لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشبینی دەکەن، نەمانی جەنگ، پشووی قوتابخانەکان و وەرزی بەهار، هۆکاربێ بۆ هاتنی زۆرترین گەشتیار بۆ جەژنی قوربان.
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەیەکی ماوە جەژنی قوربان، بەڵام گرووپە گەشتیارییەکان هەر لە ئێستاوە دەستیان بە گرتنی هوتێل کردووە".
 
لە سلێمانی نزیکەی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میللی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتی: "بەراورد بە جەژنی رەمەزان چاوەڕێی گەشتیاری زۆر زیاتر دەکەین، چونکە جەنگ نەماوە، پشووی قوتابخانەکانە و وەرزی بەهاریشە، ئەمەش وادەکات لەبارترین کات بێ بۆ هاوتنی گەشتیاران".
 
شکور عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاوەڕوانی هاتنی گەشتیاری زۆر زیاتر دەکەین لەم جەژنەدا بەراورد بە جەژنی رەمەزان".
 
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
 
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی داهاتوو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر کۆبوونەوە دەکەن و ئەرکی لیژنەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دیاری دەکەن.
 
هەروەها شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "نزیکەی 10 رۆژە هاتنی گەشتیاران بۆ سنووری دهۆک زیادیکردووە، بۆ جەژن لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسەر هێڵ دەبین بۆ پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار".
 
لە دهۆک نزیکەی 900 شوێنی گەشتیاری هەن کە 145ـیان هۆتێلن، ئەمە جگە لە بوونی نزیکەی 250 شوێنی سرووشتیی گەشتیاری.
 
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتی: "ئێستا نزیکەی 70%ـی هۆتێلەکانی دهۆک لەلایەن گرووپە گەشتیارییەکانەوە گیراون بۆ جەژن، رێژەکەش بەرەو بەرزبوونەوە دەچێ".
 
چیا قیاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەزگا ئیداری و ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگی ئێمە لە ئەرکدان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی ئاسایشی هەموو ناوچە گەشتیارییەکان".
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: "بە هەموو چێشتخانەکان گوتراوە دەبێ لە رۆژانی جەژنی قورباندا کراوەبن، زۆرینەی باخ و دووکانەکان نۆژەنکراونەتەوە بۆ پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار، چاوەڕوانیش دەکەین سەیرانگەکانی سنوورەکەمان وەکو بیارە و زەڵم ببنە قەرباڵخترین ناوچەی گەشتیاری".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە