رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت راگەیاند، لە سبەینێوە بۆ ماوەی سێ رۆژ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە رادەگیرێت و هۆکارەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەی دەروازەکە لە دیوی باکووری کوردستان گەڕاندەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە دیوی باکووری کوردستانەوە رێگە چاک دەکرێ و تەقینەوەی تێدایە، بۆ ئەوەی نەبێتە مەترسی لەسەر هاتووچۆ بازرگانان و گەشتیاران، سێ رۆژ دەروازەکە دادەخرێ.
لەبارەی کاتی کردنەوەی دەروازەکە، جەواد سوار گوتی: "تاوەکو دووشەممەی داهاتوو دەروازەکە ناکرێتەوە، چونکە کار لەناو رێگەکەدا دەکرێت و رۆژانی شەممە و یەکشەممەش دەوام نییە، بۆیە رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە دەروازەکە بە رووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە."
سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت دەڵێت، گەشتیاران تەنیا ئەمڕۆ کاتیان هەیە، چونکە لە سبەینێوە دەروازەکە بەتەواوی دادەخرێت.
دەروازەی زێت دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان. رۆژی 10-5-2023 لە رێوڕەسمێکدا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ