خەسرەو گۆران: " نزیكەی سەدا 75ی دەنگەكانی لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان بۆ پارتین"

21-06-2013
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت  جارێ زووە بگووترێت كورد سەدا 40ی دەنگەكانی پارێزگای موسڵ بەدەست دەهێنێت، پێشبینیش دەكات لەكۆی 39 كورسی ئەنحومەنی پارێزگای موسڵ كورد 10 كورسی بێنێت  و لەورێژەیەش 8 كورسی بەر پارتی بكەون، دەشڵێت: "پێگەی پارتی لەو پارێزگایە زۆرەو پێویستی بەوە نییە پەنا بۆ كاری نایاسایی ببات".

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەشێوەیەكی گشتی لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای موسڵ رێژەی بەشداریكردن زۆر نزم بوو، بەپێی ئەو ئامارنەی لە ژووری عەمەلیاتی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیین، رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان سەدا 40ی تێنەپەڕاندووە".

سەبارەت بە گرفتی نەهاتنەوەی ناوی دەنگدەرانیش خەسرەو گۆران، گووتی: " ئەوە كێشەیەكی گەورەیە و لە هەموو هەڵژرادنەكان ئەو كێشەیە روودەدات كە بەشێكی ناوەكان ناگەرێنەوە، بەڵام خەتاكەی بۆ خوودی دەنگدەر دەگەڕێتەوە، چونکە كۆمسیۆن ماوەی 20 رۆژ دادەنێت، تا دەنگدەران بچن تەماشای ناوەی خۆیانربكە، بەڵام دەنگدەران ناچن بۆ نوێكردنەوەی ناوەكانیان، بۆیە رۆژی دەنگدانیش ئەگەر ناوی كەسێك نەبێت مەحاڵە تۆمار بكرێت".


بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەدا جارێ زووە بڵێم كورد سەدا 40ی دەنگەكانی پارێزگای موسڵ بەدەست دەهێنێت، بەڵام ژمارەی دەنگەكانی لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان نزیكەی  250 هەزار دەنگن لەكۆی 700 هەزار دەنگی پارێزگای موسڵ كە دوێنێ تۆمار كراون.

ئەوەشی خستەروو لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان دەنگێكی باشی هێناوە و پێشبینی دەكەین پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت،بەڵام جارێ زووە بڵێین چەند كورسی بەر لیستی برایەتی دەكەوێت، تا نەزانین لایەنەكانی تر چەند دەنگیان هێناوە، ئێمە ناتوانین كورسییەكان دابەش بكەین.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەش كە گۆران و یەكگرتوو سكاڵایان لەسەر ئەوە تۆماركردووە كە لەلایەن پارتییەوە رێگریان لێكراوە بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، گووتی: "هەر لایەنێكی سیاسی بۆی هەیە سكاڵا تۆمار بكات، لە بنكەكانی دەنگدانیش فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و هێزە ئەمنیەكانی عێراق، لەگەڵ بریكاری هەموو لایەنە سیاسیەكان لەوێ بوونە و یەك لایەن بەتەنیا لەو شوێنە نەبووە تاوەكو  كۆنترۆڵی شوێنەكە بكات، لەهەموو هەڵبژاردنێكیش مشتومڕ روودەدات بەڵام پارتی هیچ كاتێك پێویستی بەوە نەبووە رێگری لە خەڵك بكات بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدانەوە ، یان كاری نایاسای ئەنجامبدات چونكە جەماوەری پارتی  لەو پارێزگایە زۆرەو پێویستی بەمجۆرە كارانە نییە.

هێمای بۆ ئەوەشكرد بەهەر جۆرێك بێت رێژەیەكی باش بەر لیستی برایەتی دەكەوێت،لەو رێژەیەش پشكی شێر بۆ پارتی دەبێت، رەنگە نزیكەی سەدا 75ی كورسیەكانی نێو هاوپەیمانیەتی برایەتی بێنێت، بەپلەی دووەمیش دەنگەكان بۆ یەكێتی دەبن.

 سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكانیش ئاخۆ ئەمجارە كورد لەو پارێزگایەدا پۆست وەردەگرێت، خەسرەو گۆران جەختیكردەوە جارێ زووە باس لە دابەشبوونی پۆستەكان بكرێت، بەڵام دەبێت كورد بەشداربێت لە هەر حكومەتێكی خۆجێی كە دابمەزرێت لە موسڵ.

ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لە 39 كورسی پێك دێت،  بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش پێشبینی دەكات كورد  10 كورسی بەدەستبهێنێت  و لەورێژەیەش 8 كورسی بەر پارتی بكەون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە