قەڵای هەولێر بووە یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان

21-06-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن قەڵای هەولێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

پارێزگاری هەولێر هەواڵی بەفەرمی ناسینی قەڵای هەولێری لە فەرهەنگی كولتوورە جیهانییەكانی سەربە یۆنسكۆ راگەیاند و گوتی، "قەڵای هەولێر بۆ هەمیشە خرایە فەرهەنگی كولتوورە جیهانییەكانەوە."

بە گوتەی نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، "سەرلەبەیانی ئەمرۆ 21/6/2014 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لیژنەی كولتوورە جیهانییەكانی سەر بە رێكخراوی یونسكۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر داوای پارێزگای هەولێر بۆ ناساندنی قەڵای هەولێر وەكو یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان."

بە پێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، "قەڵای هەولێر بە فەرمی و بە شێوەی هەمیشەیی خرایە فەرهەنگی كولتوورە جیهانییەكانەوە".

راگەیەنراوەکەی پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، كە " رۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵا دەگەڕێنەوە و وردەكارییەكانی تەكنیكی و فەرهەنگیی ئەو سەركەوتنە گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان روون دەكەنەوە."

پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هەموو خەڵکی كوردستان و بەتایبەتیش پارێزگای هەولێر كرد و رایگەیاند، "یەكەمجارە لەسایەی ئیدارەی حكومەتی خۆمان شوێنەوارو كولتوورێكمان لەسەر ئاستی دونیا وەكو شاكارێكی مرۆیی بناسرێت."

قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، رووبەری ( 102 هەزار و 190) م2 ـیەو کەوتووەتە نێوەڕاستی شاری هەولێر، 415م لەئاستی رووی دەریا بەرزە و  26م و 25سم لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەزرترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30م.

تەمەنی قەڵای هەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لەسەروبەندی ساڵی 2000 پ.ز لە نووسراوەكانی پادشای سۆمەری(شۆلكی) بە ناوی(ئوربیلیم- urbilum) هاتووە.

بەر لەو مێژووە و لە چاخی ئەكەدی(3350- 2150) پ.ز و لەسەردەمی یەكەم پاشایان( سەرجۆنی ئەكەدی) و لە هەڵمەتەكەی بەرەو باكوور بۆ لێدانی گوتییەكان و فراوانكردنی ئیپمراتۆریەتەكەی، بە هەولێردا رۆیشتووەو باس لە هەولێر كراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە