رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە یەکگرتنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیێنێت، "بەهۆی بەڕێوەنەچوونی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی" رێککەوتنەکەیان بە ئەنجام نەگەیشتووە.
لە راگەیێندراوێکدا، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڕیارەکەی راگەیاند و دەڵێت، لەمەودوا "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ژیانی سیاسی خۆی درێژە پێدەدەدات."
لەبارەی هۆکاری نەگەیشتنە ئەنجامی یەکگرتنەوەکە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت، "لە کاتێکدا کە شۆڕشی ژینا بە درووشمی سەرەکیی 'ژن. ژیان. ئازادی' هێزێکی دیکەی بە بزووتنەوەی کوردستان و رەوتی چەپ و یەکسانیخواز بەخشیبوو، گرتنەبەری سیاسەتی هەڵە و دوور لە ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان و ویست و نێوەڕۆکی شۆڕشەکە لەلایەن ئەو هاوڕێیانەوە، لادانی ئاشكرا لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی نەتەوەی کورد بوو."
لە بەشێکی دیکەشدا هاتووە، "رەچاوکردنی ئەم سیاسەتانە پرۆسەی یەکگرتنەوەی که له سەرەتای دەستپێکردنی فەرمیی خۆیدا بوو و سەرکەوتنیشی پێش هەر شتێک پێویستی بە یەکگرتوویی سیاسی بوو، تووشی هەڵدێر و شکستکرد. ئەو کارە نەک هەر دوولایەنی کۆمەڵەی زیاتر لێک دوور خستەوە بەڵکو کەلێنێکی گەورەشی لەنێو ویست و ئاواتەکانی خەڵک و شۆڕش و ئەرکی حیزبی سیاسیدا پێکهێنا. سامانی مرۆیی و دەسکەوتە مێژووییەکانی کۆمەڵە ناتوانێ و نابێ لە خزمەت سیاسەتێکی هەڵە و تاک رەهەندەدا بێت."
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "عومەری ئیلخانیزادە ئەمشەو [ بەرەبەیانی 21-6] لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەشیان نووسیوە، "رای گشتی و خەڵکی کوردستان پێویستە ئاگاداربن کە هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە. بکەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەشیان نووسیوە، "رای گشتی و خەڵکی کوردستان پێویستە ئاگاداربن کە هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە. بکەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن."
نێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 2022، هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکیان گرتەوە، لە راگەیێندراوی یەکگرتنەوەشیاندا کە رۆژی 27-11 بڵاویان کردەوە، ئاماژەیان بەوە کردبوو، جیایی زیانی پێگەیاندوون و لەمەودوا لەژێر ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" دا کار و چالاکی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ