ئومێد بەرۆشکی ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای دهۆک دەڵێت، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئومێد بەرۆشکی ئازاد کراوە.
رۆژی 21ـی تەممووزی 2023، راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بڵاویکردوە، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئومێد بەرۆشکی ئازاد کرا".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای ئەوەی ئومێد بەرۆشکی لەسەر هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە کارەکەی خۆی لە دهۆک دەستبەسەر کرا، ئەمڕۆ هەینی لەسەر فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی ئازاد کرا".
ئومێد بەرۆشکی شەوی رابردوو لە دهۆک دەستگیرکرا.
ماهیر بەرۆشکی، برای ئەو هاونیشتمانییە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ کاژێر 08:00ـی شەو، چەند کەسێک کە نازانین چەکدار بوون یان کەسانی مەدەنی، چوونەتە سەر ماڵی ئومێدی برام و بردوویانە، کە لەو کاتەدا بە تەنیا لە ماڵ بووە".
ئومێد بەرۆشکی رۆژی 19ـی ئابی 2020، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان لە دهۆک لەگەڵ بەدەل بەرواری و چەند هاونیشتمانییەکی دیکە دەستگیر کران.
رۆژی 22-6-2021، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ـی یاسای سزاکانی عێراق، دوای مانەوەی ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندان، ناوبراو رۆژی 22-2-2022 ئازاد کرا.