رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامهی فەرماندەیەک و دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان له دژی سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 21ـی ئابی 2024) ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو فەرماندە و دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی 17ـی ئاداری 2024 لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە؛ ئەمینە دەمیر ناسراو بە رۆسیدا مێردین لەدایکبووی مێردین، کە فەرماندەی هێزەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (یەژا ستار) بوو. بەسام عەلی ناسراو بە مەزڵووم دۆغان، لەدایکبووی عەفرین و عامر ئەحمەد ئەلجاسم ناسراو بە بەرخۆدان قامشلۆ، لە دایکبووی قامشلۆ گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 20ـی مانگ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەرباز، خستنەخوارەوەی دوو درۆن و خاپوورکردنی چوار سەنگەری هێزەکانی تورکیای لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشیان لە ناوچەکانی مەتین و زاپ، لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا چوار گەریلای پەکەکە لە رێگەی فڕۆکەی ئێف 16 و درۆنەکانیانەوە لە ناوچەکانی خواکوڕک، مەتین و گارا لە خاکی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.


.jpg&w=3840&q=75)
