رووداو - قەرەتەپە
لە درەنگانێكی شەوی 19-10-2014 چەكدارانی داعش هێرشێكیان لە سێ قۆڵەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناحیەی قەرەتەپه ئەنجام دا و شەڕ لەگوندی( تاتران عەلی سەرای) كه دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای ناحیەكە دەستیپێكرد.
لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا لە دەروازەی ناحیەكە هێرشێكی دیكەیان كرد، 5 بۆمبیان بەكاروانی هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقاندەوە. بۆمبی یەكەم بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی میحوەری گەرمەسێردا تەقییەوه، بۆمبی دووەم بە ئۆتۆمبێلی كەریم عەلی ئاغا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا تەقییەوه، بۆمبی سێیەم بە ئۆتۆمبێلی فەرهاد رەفعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە خانەقین تەقییەوە و بۆمبی چوارەم و پێنجەمیش بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پێشمەرگەدا تەقییەوه، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو.
عەدنانی حەمەی مینا فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داعش لەو گوندانە پاشەكشەی كردووەو زیانێكی زۆریان پێگەشتووە، ئێستا گوندی عەلی سەرای تاترانیش بەدەست پێشمەرگەوەیەو رەوشەكە ئارامه".
عەدنانی حەمەی مینا گوتیشی: "بەهۆی هێرشی بەردەوامی پێشمەرگه و بۆردوومانی تۆپخانەكانمان بۆ سەر چەكدارانی داعش زیاتر لە 40 چەكداری داعش كوژراون، ئەمیری ئەو هێرشەی چەكدارانی داعش به سەختی بریندار بووه، شەوی رابردوو به برینداری براوەتە مزگەوتی گوندی تاتران و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار". سەبارەت بە زیانەكانی هێزی پێشمەرگەش گوتی: "لەو شەڕەدا 7 پێشمەرگە شەهیدبوون و 10 ی دیكەش برینداربوون".
لیوا حوسێن مەنسوور فەرماندە لە هێزەكانی پشتیوانی دوو به تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەو شەڕەدا فڕۆكەیەكی سوپای عێراق لەسەر ئاسمانی ناوچەكە سووڕاوەتەوە گوایە بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە هاتبێت، بەڵام (مودەرەعەیەكی) هێزەكانی پێشمەرگەی كردە ئامانج و گەڕایەوه، بێ ئەوەی هیچ تەقەیەك لە چەكدارانی داعش بكات". گوتیشی "سوپای عێراق تەنها بەزارەكی هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدەكەن و هاوكارمانن، بەڵام لە واقعدا شتی وانییه".
بەپێی زانیارییەكانی رووداو چەكدارانی داعش ژمارەیەك هاووڵاتی گوندی عەلی سەرای كە هەموویان عەرەبی شیعە مەزهەبن لە كاتی پاشەكشەكردن لەگەڵ خۆیان بردوون. عەدنانی حەمەی مینا ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوەو گوتی: "ئەو هاووڵاتیانە ژمارەیان 17 كەسەو ئافرەتیشیان تێدایه".
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، داعش تانكەرێكی بۆمبڕێژكراوی ئامادەكربوو بۆئەوەی پێش هێرشەكەیان بیتەقێننەوه، بەڵام لەگوندی جەبور لەقوڕدا چەقیوه، هەربۆیە هێرشەكانیان زووتر دەستپێكرد، ئەم هێرشەی چەكدارانی داعش هاوكاتبوو لەگەڵ تەواوی ئەو هێرشانەی كه كرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە رەبیعەوە تاوەكو دەگاتە سنووری كوباشی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ