شارەوانیی کفری: بەشێک لە بەڵێنەکانی حکومەت بۆ پڕۆژەکانی قەزاکەمان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە

21-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی کفری داوا لە وەبەرهێنەران دەکات پڕۆژە ببەنە قەزاکەیان و دەڵێت، لە پێدانی زەوی و کارە کارگێڕییەکاندا ئاسانکاری و هاوکاریان دەبن؛ دەشڵێت، لە دوای خۆپێشاندانەکانەوە هەندێک لە بەڵێنەکان کە پێیان درابوو کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری ئەمڕۆ شەممە 21-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنوورەکەیان پێنج پڕۆژە هەن لە ساڵی 2014ـەوە راگیراون، کە سێ پڕۆژەیان قیرتاوکردنی گەڕەکن و بە رێژەی جیا کاریان تێدا کراوە؛ دوو پڕۆژەکەی دیکەش دروستکردنی باڵەخانەیە بۆ شارەوانیی قەزاکە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو کە هەردووکیان نزیکەی 60%ـی کارەکانیان تەواو کراوە.
 
"پێنج بیر بۆ کفری لێ دەدرێن و چەند قوتابخانەیەک نۆژەن دەکرێنەوە"
 
تەممووزی ئەم ساڵ چەند رۆژێک خۆپێشاندان لە قەزای کفری بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی بەشێکی داواکانی پێدان. لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانیی کفری گوتی، "هەندێکیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان؛ هەندێکیان کاری کارگێڕییان ماوە و نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
عەلی خورشید رایگەیاند، دوای بەڵێنەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 400 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی کفری خەرجکراوە و کاریان تێدا دەکرێت؛ کارکردن بۆ لێدانی پێنج بیری ئاویش بۆ گەڕەکەکان دەستیپێکردووە.
 
"هیچ بودجەیەکمان نییە"
 
سەرۆکی شارەوانیی کفری گوتی، لە دوای ساڵی 2014ـەوە بودجەی پیترۆ دۆلار نەماوە و تاوەکو ساڵانی رابردووش بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ قەزاکەیان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی "نەبوونی سیولە"ـەوە ئەویشیان پێ نادرێت و هیچ بودجەیەکیان نییە.
 
عەلی خورشید گوتی، لە داهاتی شارەوانییەکان 15%ـی دەتوانن بۆ خۆیان خەرج بکەن، بەڵام داهاتی شارەوانیی کفری هێندە نییە بەو رێژەیە بتوانن پڕۆژەی بەرچاو جێبەجێ بکەن.
 
بڕیاربوو بەنداوی باوەشاسوار لە کفری بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری. لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانیی کفری دەڵێت، "لەکاتی ناڕەزاییەکانی کفرییدا دەستەی گەشتوگوزار بڕیاریدا 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی گەشتیاری لە بەنداوەکە خەرج بکات؛ رێکارە کارگێڕییەکانی ماون و خەرج نەکراوە. خەرجیش بکرێت پڕۆژەیەکی بەو جۆرە نابێت کە گەشتیار لە دەرەوەی کفری رابکێشێت، چونکە پارەکە کەمە".
 
عەلی خورشید گوتی، لە هەوڵدان وەبەرهێنەران رابکێشن بۆ دروستکردنی شوێنی گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار؛ گوتیشی، "سەر بەنداوەکە زۆر لەبارە بۆ شوێنی گەشتیاری و ئاوی زۆری تێدا گلدراوەتەوە. ئەگەر وەبەرهێنەران کاری تێدابکەن، دەتوانرێت گەشتیار لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە رابکێشێتە کفری و ناوچەکە ببووژێنێتەوە".
 
"گەورەترین کێشەمان نەبوونی هەلی کارە"
 
کفری یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ساڵی 1921 قایمقامی هەبووە. چەند ساڵێک بوو دانیشتووانەکەی بەشێوەیەکی زۆر شارەکەیان جێ دەهێشت. لەوبارەیەوە سەرۆکی شارەوانییەکەی گوتی، "لە هەموو جیهاندا جێهێشتنی شار بۆ شارێکی دیکە هەیە؛ کفریش بەو شێوەیەی جاران نەماوە و خەڵک کەمتر جێی دەهێڵن؛ ئێستا رۆژانە زیاتر لە پێنج مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زەوی دەکرێت، ئەوانەش هەر خەڵکی کفرین زەوی دەکڕن و دەیانکەنە خانوو".
 
داوای سەرۆکی شارەوانیی کفری بۆ وەبەرهێنەران ئەوەیە، پڕۆژە جێبەجێ بکەن و هەلی کار لە قەزاکەدا بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن؛ دەشڵێت، "گەورەترین کێشەی کفری نەبوونی هەلی کارە؛ خەڵک هەلی کاری نەبوو چی بکات؟ چوار گەنج لە ماڵێکدا بوون چۆن بژین؟ بێگومان دەبێتە هۆی کۆچکردنیان بۆ کەلار یان سلێمانی و شارەکانی دیکە لەپێناو دۆزینەوەی هەلی کاردا".
 
ساڵانی رابردوو بڕیار بوو هەزار خانوو لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی کفری دروستبکرێت، بەڵام دوای دروستکردنی هەیکەلی باڵەخانەی نزیکەی 100 خانوو کۆمپانیاکە جێیهێشت و تەواوی نەکرد. سەرۆکی شارەوانیی کفری دەڵێت، "کۆمپانیاکە سەرەتا گوتی هەر خانوویەک 5 هەزار دۆلار (5 دەفتەر) دواتر کەمیشیکردەوە بۆ نزیکەی 4 دەفتەر، بەڵام بۆ کفری و خەڵکی ناوچەکە زۆر بوو؛ بۆیە پڕۆژەکە سەری نەگرت".
 
عەلی خورشید ئاماژەی بەوە کرد، کفری هاوسنووری شارەکانی عێراقە و گوتی، "ئەگەر وەبەرهێنەران لێرە کارگە دروستبکەن، لە هەموو شارەکانی عێراقەوە نزیکە بۆ هەناردەکردن؛ دەتوانن بەرهەمەکان بنێرنە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و پارێزگای کەرکووکیش، بەوشێوەیە جگە لە کفری، بەرهەمەکان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش ساخ دەبنەوە بە تێچووی کەمتر؛ ئێمە پشتیوانی و کارئاسانییان بۆ دەکەین، لە رووی زەوی و کارەباشەوە هاوکاریان دەبین". 
 
"95%ـی کفری ئاوەڕۆی هەیە"
 
سەرۆکی شارەوانیی کفری ئاماژەی بە دۆخی هاونیشتمانییان بۆ ئاوی خاوێن کرد و گوتی، قەزاکەیان پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت و "هیچ" کێشەی ئاویان نییە؛ لەبارەی ئاوەڕۆشەوە گوتی، "نزیکەی سێ گەڕەک نەبێت، تەواوی کفری ئاوەڕۆی هەیە؛ بەگشتی 95%ـی قەزاکە ئاوەڕۆی هەیە و لەو رووەشەوە کێشەمان نییە". 
 
کفری یەکێکە لە قەزا کۆنەکانی باشووری کوردستان، جگە لە کورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە تورکمانن، لە راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ئێستا یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 40 هەزار کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.