کوردستان
نەخۆشخانەی هیوا ئەم وێنەیەی بڵاوکردووەتەوە وەکو پێشاندانی قەرەباڵخی نەخۆشخانەکە لە ئەمڕۆدا.
رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی کە تایبەتە بە نەخۆشیی شێرپەنجە رایگەیاند، ئەمڕۆ هەزار و 170 کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و 25 نەخۆشی نوێی شێرپەنجەیان تۆمار کردووە.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە راگەیێندراوێکدا ئاماری ئەمڕۆی نەخۆشخانەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەزار و 170 نەخۆش سەردانیان کردوون؛ 4 هەزار و 320 پشکنینی تاقیگەی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشان ئەنجام دراوە و 164 نەخۆشیش پشكنینی تیشك، سۆنەر و ئیكۆیان بۆ کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ 25 توشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار کراوە؛ هەر ئەمڕۆ 264 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە و 715 نەخۆشی دیکەش چارەسەری جیایان وەرگرتووە.
لەنێو ئەو نەخۆشانەدا ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، 105 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا دانراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە؛ 453 نەخۆشیش لە هۆڵ (قاوش)ـە جیاکانی نەخۆشخانەکەدا هێڵدراونەتەوە و چارەسەری پێویستیان پێدراوە.
نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "سەرەڕای ئەو هەموو گرفتە داراییانەی هەیە، هێشتا توانیومانە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی باڵادا پێشکێش بکەین؛ هیوادارین ئەم خزمەتانە بەردەوام بن و پشتیوانی هەموو لایەک هەبێت و گرفتە داراییەکان نەبنە هۆی لاوازبوونی خزمەتگوزارییەکانمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا".
ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن، تەنیا خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی نین و لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون؛ بەگوێرە بەدواداچوونەکە، زۆرترین جۆری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمکە؛ دواتر سییەکان؛ قۆڵۆن و پرۆستاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ