نەوشیروان مستەفا: لە دەستدانی کوردۆ قاسم زیانێكی گەورەیە لە خەباتی گەلەكەمان

21-12-2015
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن نەوشیروان مستەفا کوردۆ قاسم
A+ A-

رووداو- هەولێر

نەوشیروان مستەفا بە بۆنەی كۆچی دوایی ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان پرسەنامەیەك ئاراستە كەسوكاری دەكات دەڵێت "لە دەستدانی زیانێكی گەورەیە لە خەباتی گەلەكەمان".


ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2015 نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە بۆنەی كۆچی دوایی كوردۆ قاسم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، پرسەنامەیەكی ئاراستەی بنەماڵەی كۆچكردوو كرد.

نەوشیروان مستەفا دەنووسێت "بەداخێكی زۆرەوە هەوڵی كۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویستم كاك كوردۆم بیست".

نەوشیروان مستەفا دەڵێت "كۆچی دوایی هاوڕێ‌ كوردۆ كە یەكێ لە قارەمانەكانی زیندانی بەعس، یەكێ لە قارەمانەكانی شۆڕشی كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆران بوو، بەو هەموو تەجروبە و شارەزاییە كە هەیبوو زیانێكی گەورەیە لە خەباتی گەلەكەمان".

رێكخەری گشتی گۆڕان لە پرسەنامەكە پرسە و سەرخۆشی لە بنەماڵەی كوردۆ قاسم، كەسوكار و هاوڕێ‌ و هاوسەنگەر و هاوخەباتەكانی دەكات دەڵێت‌ "لە خوای گەورە تكاكارم گیانی بە بەهەشت شاد بكات و سەبووری بە هەموو لایەك ببەخشێ‌ گیانی شاد و یادی هەمیشە زیندووبێت‌".

بەگوێرەی پرسەنامەكە كە لە كۆتایدا رۆژ و شوێنی لەسەر نوسراوە، نەوشیروان مستەفا ئێستاش لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە.

کوردۆ قاسم لە هەفتەی رابردوو بە هۆی خوێن بەربوونی گەدە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا.

لە 48 کاژێری رابردوو پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە دوایین ئاگادارکردنەوەیان بە کەسوکاری دا کە پێویستی بە چارەسەر هەیە لەدەرەوەی وڵات، کەسوکاریشی ئامادەسازییان دەکرد بۆ ئەوەی بیبەنە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئێران بەڵام بەهۆی سەختی نەخۆشییەکەیەوە کاژێر 15:00-ی ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2015 کۆچی دواییکرد.

كوردۆ قاسم كێیە؟

 ساڵی‌ 1952 لە شاری‌ بەغداد لەدایكبووە 

لە سەرەتای‌ دامەزراندنییەوە، لە ڕیزەكانی‌ یەكێتیی‌ قوتابییانی‌ كوردستان كاری‌ كردووە.

ساڵی 1970 لە شانەكانی‌ سەرەتای‌ كۆمەڵەی‌ ماركسیی‌ لینینیی‌ كوردستان كاریكردووە.

دەستەی‌ دامەزرێنەری‌ رێكخراوی‌ هەڵۆی‌ سوور بووە لە بەغدا ساڵی‌ 1977 بۆ 1979 زیندانیی‌ سیاسی‌ بوە لە شاری‌ بەغدا.
 
ساڵی‌ 1980 پەیوەندیی‌ بە ریزەكانی‌ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستانەوە كردووە لەدوای‌ ئەنفال لێپرسراوی‌ رەتڵی‌ پارتیزانەكانی‌ گەرمیان بووە.

لە دوای‌ راپەرینەوە چەندین پلەی‌ لێپرسراوێتی‌ سیاسی‌ و رێكخراوەیی‌ و سەربازی‌ بینیوە.

ئەندامی‌ سەركردایەتیی‌ كۆمەڵە و پاشان ئەندامی‌ سەركردایەتیی‌ ی‌.ن.ك بووە.

ئەندامی‌ دەستەی‌ دامەزرێنەری‌ گۆڕان بووە.

ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە