سەرکردەیەکی یەکگرتوو: بڕیارێک نادەین دژی بەرژەوەندی خەڵک بێت

21-12-2017
گۆڤەند مستەفا
لێدوانی دارا سێکانیانی بۆ رووداو لەبارەی بڕیاری یەکگرتوو لەم قۆناخەدا
لێدوانی دارا سێکانیانی بۆ رووداو لەبارەی بڕیاری یەکگرتوو لەم قۆناخەدا
نیشانەکردن یەکگرتوو
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

بەرپرسی رێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی دەڵێت، رێز لە بڕیارەکەی کۆمەڵ و گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەت دەگرن. دەشڵێت سەرکردایەتیی یەکگرتوو لەبارەی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت کۆدەبێتەوە و بڕیارێک نادەن دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بێت.

چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریاندا لە حکومەتی بنکەفراوان بکشێنەوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش تاوتوێی دۆخەکە دەکات و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەبارەی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت دەدات. 

لەبارەی کاریگەری کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لەسەر پەیوەندییەکانیان، دارا سێکانیانی، بەرپرسی رێکخستنەکانی یەکگرتوو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی کوردستان نۆرماڵ و ئاساییە. گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دوو لایەنی سەربەخۆن، ئازادن لە بڕیاردانی خۆیان و رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین. هیوادارین هەر هەنگاوێک دەنێین بۆ خزمەتی ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستان و دەربازکردنی ئەو قەیرانە نەخوازراوە بێت، کە ئەمڕۆ بەرۆکی خەڵک و ئەزموونی حکومڕانی و سیاسی کوردستانی گرتووە".

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆدەبنەوە و بڕیاری لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکان دەدەن. دەشڵێت "ئێمە لایەنێکی سەربەخۆ و ئازادین لە بڕیارداندا. خەڵک دڵنیادەکەینەوە کە یەگرتووی ئیسلامی تاوەکو ئێستا بڕیارێکی نەداوە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و جەماوەر بێت، هەر بڕیارێک پێمانوابوو خزمەت بە دۆخی سیاسی و ئەزموونی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەیدەین ئەگەرچی زۆرجار بە زیانی خۆشمان شکابێتەوە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە