پۆلیسی هەولێر: رێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی کەیسی میران بەکر بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی لێکۆڵینەوە و رێکارەکانی پێویست دەگرنەبەر بۆ دەرخستنی راستی.
میران بەکر دوێنێ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا "سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و توورەکەیان کردە سەرم و ئەشکەنجەیان دام".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتیان بە هیچ بیانوێک پێشێل بکات".
دەقی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:
هاووڵاتیی میران بەکر عەبدوالڕەحمان کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری رۆژنامەوانیی بەڕێز وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندام و کادری یەکێتییە، درەنگانی شەوی هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025 لە سنووری بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەلایەن چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیرکراوە و ئازاردراوە و دوای ماوەیەک ئازادکراوە. لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی لێکۆڵینەوە و رێکارەکانی پێویست دەگرنەبەر بۆ دەرخستنی راستی و سەروەرکردنی یاسا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان.
هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک رێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتیان بە هیچ بیانوێک پێشێل بکات.