راستکردنەوەی ژمارەیەک ساختە هەواڵ؛ ئایا فڕۆکەی ئیسرائیلی هاتووەتە هەولێر؟

22-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
 لەدواى هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق هەواڵى ساختە لەبارەى پەیوەندى ئیسرائیل بەو هێرشەوە بڵاوکرایەوە، بە وێنەى دەستکاریکراو فڕۆکەى ئیسرائیلی برایە هەولێر، هەواڵى ساختەى کۆبوونەوەى ئیسرائیل لەسەر ئەو بۆردوومانە بڵاوکرایەوە، بڵاوکردنەوەى هەواڵى کوژرانى ئەفسەرێکى موساد بە "گاڵتەوە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت بە راستى.
 
لەگەڵ هێرشەکەى شەوى 15ى کانوونى دووەمى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، هێرشی ساختە هەواڵى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە عێراق دەستیپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنى پاساوى هێرشەکە، کە بوونى بنکەى دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیل (موساد) بوو لە هەولێر.
 
ساختە هەواڵەکان لە رێگەى وێنە و گرتەى ڤیدیۆیی و لێدوانی ساختە و شێوێنراوەوە بوون، کە لە پەڕە جیاوازەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرانەوە و وەک راستى دەخرانە بەردەم بەکارهێنەران و لە نێو ئەو تۆڕانەدا دەستاو دەستیان پێدەکرا. 
 
سەفین دزەیی: ئێران کۆمەڵێک درۆ و دەلەسەی بە فۆتۆشۆپ هەڵبەستووە 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی دووەمی 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان کردوویەتی، کۆمەڵێک درۆ و دەلەسەی هەڵبەستووە بە فۆتۆشۆپ، دەرکەوت هەمووی دوورن لە راستی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو جۆرە رووداوانە بەرپرسیارە و دەبێ رێگریی لەو جۆرە دەستدرێژییانە بکەن." 
 
 
ئەو فڕۆکەیەى لە هەولێر نیشتەوە ئیسرائیلی نەبوو
 
 لە چەند پەڕەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەى فڕۆکەیەک لە نێو فڕۆکەخانەى هەولێر بڵاوکراوەتەوە کە لە سەرى نووسراوە "ئیسرائیل ئێرلاین"، وا بڵاوکراوەتەوە کە فڕۆکەیەکى سەر بە کۆمپانیاى فڕۆکەوانى مەدەنیى ئیسرائیلە لەو فڕۆکەخانەیە نیشتووەتەوە.
 
وێنەکە بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ دەستکاریکراوە و نووسینى "ئیسرائیل ئێرلاین" خراوەتە سەرى، وێنە راستەقینەکە فڕۆکەیەکى سەر بەکۆمپانیاى فلاى ئەربیلە و هەر ئەو نووسینەشی لەسەر نووسراوە.
 
 پەڕەی فەیسبووکی عەین بەسرە نیوز، یەکێکە لەو پەڕانەی کە وێنەى فڕۆکەکەى بڵاوکردووەتەوە و لەسەرى نووسیوە، "وێنەیەکى روون لە هەولێرەوە".

 

 
 ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکەى هەولێر کۆنەبووەتەوە 
 
 هەندێک لە پەڕەکانی تۆڕى کۆمەڵایەتى لە عێراق کڵێشەى هەواڵ گرافیکێکى کەناڵى جەزیرەیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام بە دەستکارییەوە بڵاوکردووەوە گوایە ئەو کەناڵە بڵاویکردووەتەوە کە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکى بەپەلە دەکات لەبارەى ئەو هێرشانەى کە ئێران کردوویانەتە سەر هەولێر. 
 
لە بڵاوکردنەوەى ئەو نووسینەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە 16ى کانوونى دووەمى 2024 بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لەو رۆژەدا پەیجى کەناڵى جەزیرە لە ئینستاگرام هەواڵى لەو جۆرەى بڵاونەکردووەتەوە و ئەوەى بڵاوکراوەتەوە ساختەکردنى کڵێشەکە بووە و ئەو نووسینەى بۆ دانراوە بە لۆگۆى کەناڵى جەزیرەوە.
 
ئەو  ساختە هەواڵە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس دەستاودەستى پێکراوە، کەناڵێکى تێلیگرام بەناوى مەیموونەى ئەخبارى، بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەداوە کە "تەنانەت کەناڵەکانیش دەڵێن ئەو شوێنەى بۆردوومان کراوە پێگەى موساد بووە، بەڵام سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیدەکاتەوە."

 

 
 کەسەکە نە ئەفسەرى ئیسرائیل بووە و نە کوژراوە
 
 هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسینێکى ئەکاونتى کەسێکیان بەناوى روسلی مالیکى بڵاوکردووەتەوە کە نووسیویەتى "دەزگاى موسادى ئیسرائیلی کوژرانى عەقید روسلیم مولیشیمى لە بۆدروومانەکەى هەولێر پشتڕاست کردووەتەوە."
 
 لەنێو تۆڕەکانى کۆمەڵایەتى ئێکس ئەو نووسینە دەستاودەستى کردووە، یەکێک لە ئەکاونتەکانى ئەو تۆڕە نووسینەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەرى نووسیوە، "ئەگەر ئەو ھێرشە دەستدرێژی بووبێت، قوربانى ئەو دەستدرێژییە بم" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى کە هەواڵەکەى بە راست وەرگرتووە.
 
دواتر ئەکاونتى روسلى مالیکى کە نووسینەکەى بڵاوکردووەتەوە، نووسینێکى دیکەى لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "روشلیم مولیشیم هەر خۆمم"، کە مەبەست لێى ئەوەیە کە ئەو نووسینەى ناڕاست بووە و وەک رەخنەگرتنێک بووە لە پاساوى ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وێنەى چەندین ئەکاونتیشى بڵاوکردەوە کە بەهەڵەداچوون و نووسینەکەى ئەویان وەک هەواڵى راست بڵاوکردووەتەوە.

 

 
خەزعەلی نەیگوتووە سێ ئیسرائیلی کوژراون 
 
 لەدواى بۆردوومانەکە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس لێدوانێکى قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى عەسائیبی ئەهلى حەق بە گرافیک بڵاوکرایەوە گوایە بە کەناڵى عەهدى سەر بەو بزووتنەوەیەى گوتووە "لە یەکێک لەهێرشەکاندا بۆ سەر هەولێر، سێ ئەفسەرى موساد کوژراون."
 
 لەدواى بەدوادچوون لە رێگەى بڵاوکراوەکانى ئەو کەناڵەوە دەرکەوت، قەیس خەزعەلى، لێدوانێکى لەو جۆرەى نەداوە و ئەو گرافیکە ساختەیە و بە فۆتۆ شۆپ دروستکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.