پارێزگاری ورمێ: لە 10 مانگدا 584 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری ورمێ دەڵێت، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 584 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و "ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە و بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەش لێکەوتەیەکی دەبێت، قەرەبوو ناکرێتەوە."
 
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 584 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە، هۆکاری 70%ـی رووداوەکانی هاتووچۆ، هەڵەی مرۆیی و شۆفێرەکان بووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دەبێت ئاستی هۆشیاریی شۆفێرەکان بەرز بکرێتەوە.
 
پارێزگاری ورمێ باسی لە هۆشیارکردنەوە و زیاترکردنی چاودێرییەکان، رۆڵی گرنگیان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ هەیە و لە پرۆژە یاسای ساڵی داهاتووی هەتاویدا دەبێت بودجەی تایبەت بۆ دابینکردنی کامێرای چاودێریی تەرخان بکرێت.
 
موعتەمدیان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ پابەندکردنی شۆفێرەکان بە یاسا و رێوشوێنەکان، بۆشایی هەیە و لەم بوارەدا دەبێت "بەخێرایی سەرمایەگوزاری بکرێت و سەرمایەگوزارییەکەش کاریگەر بێت."
 
هۆکارەکانی وەک خراپی رێگاوبان، کوالێتی نزمی ئۆتۆمبێلەکان، رەچاونەکردنی رێوشوێنەکان، خەواڵوبوون، خێرایی و کەمتەرخەمی لە کاتی شۆفێریدا وەک هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتووچۆدا لە قەڵەم دەدرێن. موعتەمدیان دەڵێت، "ئەم رووداوانە، بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەش لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی دەبێت."