رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوێک بڵاوکراوەتەوە بەوەی گوایە فەرمانیان پێکرابێت رووبەڕووی گەریلاکانی پەکەکە ببنەوە، "ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".
شەوی دووشەممە، 22-1-2024، زێرەڤانی راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لە راستی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت رووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەوە. لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیێنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت، "پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند رۆژێكە لەدوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ