فەرماندەیی زێرەڤانی: فەرمان بە هێزەکانمان نەکراوە رووبەڕووی پەکەکە ببینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوێک بڵاوکراوەتەوە بەوەی گوایە فەرمانیان پێکرابێت رووبەڕووی گەریلاکانی پەکەکە ببنەوە، "ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".
 
شەوی دووشەممە، 22-1-2024، زێرەڤانی راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لە راستی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت رووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەوە. لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیێنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".
 
‏‎فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت، "پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند رۆژێكە لەدوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە".