ئەمڕۆ هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، ئەگەر ماڵێک لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بووبێ و هیچیشی پێ نەبێت تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکەن.
 
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنی 67 بارهەڵگر هاوکاریمان لە هەولێرەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوت و هەموویان بە سەلامەت گەیشتوونەتە قامشلۆ".
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوایی بارزانی کە خۆی لە شاری قامشلۆیە دەڵێت: "ئەمڕۆ دابەشکردنی هاوکارییەکانمان لە شاری قامشلۆ دەستپێدەکات، هەر خێزانێکی ئاوارە بەگوێرەی پێویستییەکانی هاوکاری دەکرێ و ناهێڵین کەس بێ شتومەک بمێنێتەوە".
 
موسا ئەحمەد گوتی: "تیمەکەمان بە گشتی زیاتر لە 200 کەس پێکدێن، لەنێویاندا 22 کارمەندی تەندرستیی و شەش ئامبوڵانسی گەڕۆک هەن، هەنگاوی یەکەم سەلەیەکی خۆراک دابەش دەکەین کە 11 مادەی تێدایە، لەگەڵ سێتێکی پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی".
 
یەکێکی دیکە لەو کەرەستانەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیاندوویانەتە رۆژئاوای کوردستان پاکێجێکی جلوبەرگە، کە پێکهاتووە لە جلوبەرگی منداڵان و گەوران؛ پێڵاو و دەستەوانەشی لەگەڵدایە. موسا ئەحمەد دەڵێ: "کەرەستەکان بەگوێرەی پێداویستی خێزانەکان دابەش دەکرێن، هەیە یەک پاکێجی پێویستە و هەیە هەمووی".
 
تەباخی بچووک و پێداویستییەکانی چێشتخانە، دۆشەک و بەتانی و تاوەکو دەگاتە خێمە لە بارهەڵگرەکانی دەزگای خێرخوازیی بارانیدان. سەرۆکی دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر خێزانێک هیچی لەگەڵ خۆی نەهێنابێ، خێمە و هەموو پێداویستتەکانی چێشتخانە و جلوبەرگ و بەتانی و دۆشەکی پێ دەدرێت".
 
بەشێکی زۆری هاونیشتمانیانی سنووری عەفرین کە پێشتر ئاوارەی باکوور و رۆژئاوای سووریا ببوون دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا جارێکی دیکە ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون، لەنێویاندا زۆرینەیان لە سنووری قامشلۆن.
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی، تیمە تەندروستییەکانیان دەچنە قوتابخانەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ئاوارەکانی تێدان و پشکنینی پزیشکیان بۆ دەکەن و دەرمانی چارەسەریان پێ دەدەن.
 
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویانەوە موسا ئەحمەد دەڵێ: "ئەمڕۆ لە قامشلۆین، سبەی لە ناوچەکانی دیکە دەبین و داتاکانمان وەرگرتوون، سەردانی دێرک، گرکێ لەکێ، عامودێ، تربەسپی و هەموو ئەو ناوچانە دەکەین هاونیشتمانیان پێویستیان بە هاوکارییە".
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوان بوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.