رووداو - هەولێر
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی مووچەوە پرۆژەیەک پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-2-2016 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیوانی وەزارەتی خوێندی باڵا بە سەرۆکایەتی د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا هاتووە " بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچە لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وهك دامهزراوهیهكی ئهكادیمی پرۆژەیەک پێشکەش بەسەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات."
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: " وهزارهتی خوێندنی باڵا بۆ چارەسەرکردنى گرفتی مووچە لە هەرێمى کوردستان، بهڕێوهبهری فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە دیوانى وەزارەت راسپاردووە، بۆ ئهوهی بهڕاویژ لهگهڵ كهسانی شارهزاو پسپۆڕی بوارهكه له زانكۆكان پرۆژەیەک ئامادە بكهن و له ئایندهیهكی نزیكدا بەناوى ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستییەوە پێشکەش بەسەرۆکایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچە لە هەرێمى کوردستان."
لە کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و ئاماژەی بە هاتنی وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئیران کردووە، هاتووە " لە رۆژانى داهاتوودا وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرۆکایەتى د.حسێن سالار بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و ئەندامێتى ژمارەیەکى زۆرى زانکۆ بەناوبانگەکانى ئەو وڵاتە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن و، رێککەوتنمایەکى لێکگەیشتن لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئیمزا دەکەن."
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە یادداشتێکی قوتابیان و خوێندکاران کراوە کە خوێندن لە زانکۆکان دەستپێبکاتەوە و رایگەیاندووە کە "خوێندکاران و قوتابیان یادداشتێکیان پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردووە بۆ ئەوەى خوێندن لە زانکۆکان دەست پێبکەنەوە و ساڵێکى خوێندنیان بەفیڕۆ نەڕوات، بهتایبهت بهشی زۆری خوێندكاران كوڕ و كچی خهڵكی ههژار و كهمدهرامهتن".
لە وەڵامدا وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاندووە کە "دەبێت هەموو هەوڵێکى خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەى ئەمساڵى خوێندن بەسەرکەوتووى تەواو بکەین، بەڵام ئەگەر پرۆسەکە بەو شێوەیەیی ئێستا بڕوات ئهگهری دواخستنی خوێندن بۆ ساڵێکى دیکە دێته پێشهوه، ئەوەش خراپ لەسەر ناو ناوبانگى زانکۆ دەکەوێت."
بەپێی راگەیێندراوەکە هەر لەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێی چۆنیەتى رێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا کراوە، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: "لە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە هەیکەلى کارگێڕى دامەزراوەکانى حکومەت و میلاکى فەرمانگەکان پێکهاتووە".
د.یوسف گۆران داواى لە سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانى ئەنجوومەن کرد"لە ماوەیەکى دیاریکراودا پێشنیازەکانیان بۆ رێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى و زیاد و کەمى میلاکى زانکۆکانیان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەى بتوانن بەکەمترین خەرجى زۆرترین خزمەت پێشکەش بکەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی وهزارهت بڕیاری پێکهێنانى لیژنەیەکى بۆ ئەو مەبەستە دا، تا لە ماوەى دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو بکەن".
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریداوە کە " گهڕانهوهی سەرجەم خوێندکارە دەرکراوەکانی خوێندنی بهرایی بۆ ئهوهی له ساڵى خوێندنى 2016-2017 بەشێوەى سیستمى پارالێڵ له زانکۆ حکومییەکان درێژه بهخوێندن بدهن، بۆ زانکۆ تایبەتەکانیش بەهەمان رێنمایى دارایى کە لە زانکۆ تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت خوێندکارە دەرکراوەکان بگهڕێنهوه پۆلهكانی خۆیان".
ئاماژە بەوەشکراوە کە "ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنی وهزارهت ئەو خوێندکارانە ناگرێتەوە کە بەهۆى قۆپییە یان بەبڕیارى لێژنەى رێکارى قوتابیان/ خوێندکاران لە زانکۆ دەرکراون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت بەدەرکردن و پەسندکردنى چەند بڕیار و رێنماییەکى دیکە کۆتایى پێهات و هەر قوتابییەک ئاماژە بە تهواوبونی ماوهی یاسایی داواى درێژکردنەوەى ماوەى خوێندنەکەى بکات، خوێندنەکەى بۆ دەکرێتە سیستەمى پارالێڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ