رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە هەڵەبجە و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، لە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە تاجەگوڵینەی لەبەردەم سیمبولی شەهیدان دانا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشەکانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی بەسەرکردەوە و تاجەگوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدان دانا، دواتر یاداشتێکی نووسی و تێیدا هاتووە: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم. داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە."
مەسرور بارزانی لە یاداشتەکەیدا نووسیویەتی: "خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".
وێستگەی دووەمی سەردانی سەرۆکوەزیران، باڵەخانەی پارێزگای شارەکە بوو، دواتر چووە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و لەوێ " یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23 A10000)ی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی شارەکە بەخشی."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەیدا بۆ هەڵەبجە، بەردی بناخەی پڕۆژەی پرد و رێگەی تووەقووت دادەنێت کە هەڵەبجەییەکان بە "پڕۆژەیەکی گرنگ"ی دەزانن و رێگەی کەلار-هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.