لە کەرکووک سوپا هەڵدەکوتێتە سەر ماڵباتێکی کورد؛ 'هێرشیان کردەسەرم و لێیان دام'
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵیکوتایە سەر ماڵباتێکی کورد لە گەڕەکی نەورۆز و داوایان کرد ماڵەکەیان چۆڵ بکەن، خاوەنی خانووەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پێیان گوتم، خانووەکە جێبهێڵم، بەڵام بە قسەم نەکردن و ئەوانیش هێرشیان کردەسەرم و لێیان دام."
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گەڕەکی نەورۆز لە زاری شایەتحاڵانەوە دەڵێت، کاژێر 03:00ی بەرەبەیان رووداوەکە روویداوە، خاوەنی ماڵەکە لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاونەتەوە ماڵەوە و دواتر لەلایەن سوپاوە هێرشیان کراوەتەسەر.
سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ئەو خانووانە ماڵباتی کوردی تێدابوون. کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
خاوەنی خانووەکە بە رووداوی گوت، "خانووەکەم جێهێشتبوو بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە، بەڵام ئەمشەو گەڕامەوە و ئەوانیش هاتنە سەر ماڵەکەم."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، "سوپا داوایان لێکردم، ماڵەکە چۆڵ بکەم، بەڵام گوتم ئێرە ماڵی منە و ناڕۆم، ئیدی هێرشیان کردەسەرم لە بەرچاوی خێزانەکەم و لێیان دام."
شەوکەت رەسووڵ، خاوەنی ماڵەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ پارشێو چوومە ماڵی باوکم، کاتێک هەواڵمان زانی گوتیان سوپا چوونەتە ماڵتان، کە هاتمەوە سەیردەکەم 10 بۆ 12 کەس لە ماڵەکەمدان، گوتیان دەبێت بچیتە دەرەوە، رەتمکردەوە، دواتر بە پاڵ و بە لێدان دەریانکردم."
شەوکەت رەسووڵ گوتی، "گوتیان زەوی ئێمە و فەرمانمان پێیە، منیش گوتم کوا فەرمان و نووسراوتان؟ تووڕەبوون و گوتیان لێپێچینەوەمان لێ دەکەیت؟"
کچێکی شەوکەت رەسووڵ بە رووداوی گوت، "ویستیان باوکم ببەنە ژوورەوە لێی بدەن، بەڵام رێگەمان نەدا، دواتر بە راکێشان بردیانە دەرەوە."
خوشکێکی ئەو هاونیشتمانییە بە هانای شەوکەتی برایەوە چووە و دەڵێت، "چوومە بەر دەرگای ماڵ براکەم رێگەیان نەدا بچمە ژوورەوە، دواتر هاوارم کرد و چوومە ژوورەوە دانیشتم و گوتم چۆن دەچنە ماڵێکەوە خێزانێکی تێدایە. ویستیان براکەم ئەشکەنجە بدەن."
رووداوەکە بەو شێوەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر هێزەکانی سوپای عێراق چوونە سەر ئەو گەڕەکە بە نیازی ئەوەی دەست بەسەر هەموو خانووەکاندا بگرن، بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی بەرگری خاوەنی زەوی و خانووەکانی گەڕەکەکەیە و دەبێت کورد چۆڵی بکات.
چواردەوری ئەو گەڕەکە کوردییە، کە ناوی گەڕەکی واستی-یە، ماڵی عەرەب و نەتەوەکانی دیکەن و سوپای عێراق بەلای ئەواندا نەچوون و تەنیا چوونەتە سەر ماڵی کوردەکان.
پەیامنێری رووداو لە گەڕەکەکەوە باسی لەوە کرد، دوو ساڵە پێنج خانووی گەڕەکەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و دوای ئەوەی سوپا بێهیوا بوو لەوەی بتوانێت دەست بەسەر هەموو گەڕەکەکەدا بگرێت، ئەو پێنج خانووەشی جێهێشت و خاوەن ماڵەکان چوونەوە نێو ماڵەکانیان، کەچی شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە کە چۆڵی بکەن، ئەگەرنا بە زەبری هێز دەریان دەکەن، ئەوەبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەریان و دەریانکردن.
خاوەنی یەکێک لەو ماڵانە بە هەردی محەممەدی گوتووە، "هەر بە هەڵدان فڕێیان دامە دەرەوە،" واتە دوای ئەوەی کەوتووەتە سەر زەوی، هەڵیانگرتووەتەوە و فڕییان داوەتە دەرەوەی ماڵەکەی.
لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵێکی گەڕەکەکەش لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە، دەنگی لێدان و قیژەی ژن لەنێو ماڵەکە دەبیسترێت.