شاندێکی عەفرین بۆ دەرکردنی عەرەبی هاوردە سەردانی پارێزگاری حەلەب دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی دەستەبژێرانی عەفرین سەردانی پارێزگاری حەلەب بکەن و داوای لێ بکەن ئەو عەرەبانەی لە دوای 2018وە هێندراونەتەوە شارەکە، دەربکرێن.
دوای رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا، بڕیار بوو ئاوارەکانی عەفرین و دەوروبەری بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە، چونکە خانووەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکراوە، بڕیارە شاندێک لە رۆشنبیران و چالاکڤانی عەفرین بۆ ئەم مەبەستە بچنە حەلەب و لەگەڵ پارێزگاردا کۆببنەوە.
بەرپرسێکی کورد لە عەفرین ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عەرەبی هاوردەی دێرەزوور لە خانووی کوردەکان لە عەفرین جێگیر کراون و ئامادەنین چۆڵی بکەن، سەتان خانووی گەورە و ڤێلای گرانبەهایان داگیرکردوون و بە گوشاری حکومەت نەبێ چۆڵی ناکەن."
ئەو بەرپرسە کوردە لە عەفرین گوتیشی، "عەفرین گەورە و پڕ خێر و بەرەکەتە، عەرەبەکانی دێرەزوور نایانەوێ ئەوە خێر و بەرەکەتە بە ئاسانی لەدەست بدەن و بگەڕێنەوە دەشتاییەکانی خۆیان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێک لە رۆشنبیران، نووسەران و چالاکڤانانی عەفرین سەردانی پارێزگاری حەلەب بکەن و تاوتوێی چۆڵکردنی ماڵی هاونیشتمانیانی کورد لە عەفرین بکەن.
ئەندامێکی ئەو شاندەی بڕیارە بچنە حەلەب بە رووداوی گوت، "لەگەڵ پارێزگار قسە دەکەین و داوا دەکەین، هەرچی زووە عەرەبی دێرەزوور بنێردرێنەوە جێگەی خۆیان، بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی."
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاربوو 400 خێزان بە کاروانێک بگەڕێنەوە عەفرین، بەڵام بەهۆی چۆڵنەکردنی خانووەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕانەوەیان دواخراوە."
ئازاد عوسمان چوونی شاندەکەی عەفرینی بۆلای پارێزگاری حەلەب پشتڕاستکردەوە.
رۆژی 29-01-2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە سەرەتای ساڵی 2018دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات و نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین و چەند رۆژێک پێش نەورۆز ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد.