کوردستان
راهێنانێکی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 500 کەس کە سەرجەم رێکارەکانی دامەزراندنیان لەسەر میلاکی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی تەواو کردووە، چاوەڕێی فەرمانی دەستبەکاربوونن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زێرەڤانیش دەڵێت، کێشەکە پەیوەندی بە بودجە و گوشارەکانی بەغداوە هەیە.
ژمارەیەک لەو کەسانەی کە وەک پێشمەرگە مامەڵەی دامەزراندنیان کردووە، پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، "ئێمە نزیکەی 1500 کەس بووین کە بڕیاربوو لەسەر میلاکی زێرەڤانی دابمەزرێین؛ فەرمانی 1000 کەسمان گەڕایەوە و دەستبەکار بوون، بەڵام نزیکەی 500 کەسمان ماوینەتەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسمان نادیارە."
ئەو پێشمەرگانە ئاماژە بەوە دەکەن، سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکان و بایۆمەترییان کردووە، بەڵام ئێستا فەرمانەکانیان پەکیکەوتووە.
عەمید دیدەوان خورشید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لەبارەی کێشەی ئەو پێشمەرگانە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی ناونووسینیان لە کۆتایی ساڵی 2024دا بووە، بەڵام چونکە دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنیان کەوتە ساڵی 2025، بەر بڕیاری گشتیی راگرتنی دامەزراندن کەوتوون.
عەمید دیدەوان خورشید گوتی، "لە ساڵی 2025دا، بەهۆی ئەو گوشارانەی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان دروستی کردووە و هەموو بابەتەکانی دامەزراندنی بە بودجەوە بەستووەتەوە، دامەزراندن و گرێبەستی نوێ لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زێرەڤانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کێشەیە تەنیا سێکتەری سەربازی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە تەندروستی و پەروەردەش دامەزراندن راگیراوە.
عەمید دیدەوان خورشید گوتیشی، "ئێمە چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەسندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026ـین لە پەرلەمانی عێراق؛ تاوەکو میلاکاتی ئەو پێشمەرگانە و سەرجەم ئەو کەسانەی چاوەڕێی دامەزراندنن لە بەغدا جێگیر بکرێت، ئەو کاتە دەتوانن دەستبەکار بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ