رووداو - هەولێر
هونەرمەندێکی شاری دهۆک لەنێو ماڵەكەی خۆی بەکوژراوی دۆزرایەوە و پۆلیسیش گومان دەکات کوژرابێت.
رائید هێمن ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22-3-2016 ئاگادارکراونەتەوە کە لە گەڕەکی KROی دهۆک تەرمی کەسێک هەیە.
گوتیشی "دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەکە بۆیان ئاشکرا بووە، ئەو کەسە هونەرمەند زاهيد بریفکانی-یە".

بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، کە تاوەكو ئێستا نەزاندراوە زاهيد بریفكانی خۆی کوشتووە یانیش کوژراوە، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كە لە خانەوادەكەیەوە دەست رووداو كەوتوون، ماوەی سێ رۆژە ئەو هونەرمەندە گیانی لەدەستداوە بەڵام كەس بە رووداوەكەی نەزانیوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان تەرمەكە شوێنی چەقۆی لەسەرە. هاوكات هێمن ئەتروشی ئەو زانیاریەی بۆ رووداو پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، شوێنی چەقۆ لەسەر جەستەی بریفكانی هەیە.
بەڤیدیۆ: زاهید بریفکانی میوزیک بۆ شڤان پەروەر لێدەدات
زاهيد بریفکانی هونەرمەند و نووسەر بوو، جیا لە بەرهەمە موزیکییەکانی کە کەمانژەن بووە، چەندین پەرتووکیشی نووسیوە.
زاهد بریفکانی کوڕی هۆزانڤانی دەڤەری بادینان "شێخ مەمدوح بریفکانی"ـیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ