مەسرور بارزانی: لە سایەی حکومەتەکەماندا راگەیاندنکاران بە ئازادی کاری پیشەیی خۆیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، راگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتدا "بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک کاری پیشەیی خۆیان دەکەن، تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت."
لە یادی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە.
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "جێی خۆشحاڵی و شانازییە راگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەموكورتی و كەمتەرخەمیەكانی حكومەت."
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەتیش وەکو هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆئەوەی بە هاوکاریی هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین."