لە ئیلام چەند قوتابییەک سێ مامۆستا و کارمەندێک ژەهراوی دەکەن؛ 'بۆ گاڵتە بووە'

رووداو دیجیتاڵ 

لە قوتابخانەیەکی کچان لە شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند قوتابییەک مادەی ژەهراوییان کردووتەوە ناو چای مامۆستاکان و ژەهراوییان کردوون.
 
رۆژی سێشەممە، 22ی نیسانی 2025، میدیایی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە لە قوتابخانەی "سدیقەی تاهرە" سێ قوتابیی کچ مادەیەکی ژەهراوی نەناسراویان کردووەتەوە ناو چای مامۆستاکان و بەوهۆیەوە سێ مامۆستا و کارمەندێکی قوتابخانەکە ژەهراوی بوون.
 
بەپێی میدیای ئێران، لە ئەنجامی ئەو رووداوە دۆخی یەکێک لە مامۆستاکان تێکچووە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و سێ کەسەکەی دیکەش چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
 
بەشی پەیوەندییەکانی فەرمانگەی پەروەردەی شاری مەلەکشا رایگەیاندووە،" ئەو قوتابییانە بۆ گاڵتە مامۆستاکانیان ژەهراویی کردووە".
 
بەپێی راپۆرتی پەروەردەی شارەکە، لێکۆڵێنەوە لە روداوەکە بەردەوامە.