رووداو- بەردەڕەش
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی هەفتەنامەی (رووداو) لەسەر دوو جار قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییەك لەلایەن قایمقامی بەردەڕەشەوە كە ئامۆزای خۆیەتی، داواكاری گشتیی بەردەڕەش دۆسیەیەك لەسەر ئەو بابەتە دەكاتەوە و دۆسیەكە رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوە دەكات. بەڵام قایمقامی بەردەڕەش دەڵێت هێشتا ئاگادار نەكراوەتەوە.
هەفتەنامەی (رووداو) هەفتەی رابردوو راپۆرتێكی لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییەك بەناوی (ه.ئە) لەلایەن شارەوانی و قایمقامیەتی بەردەڕەش بڵاوكردەوە كە زەوییەكانی بەر دوو پرۆژە كەوتبوون.
ئەو هاووڵاتییە كە زەوییەكانی بەر پرۆژەیەكی كارەبا و باڵەخانەی ناحیەی رۆڤیا كەوتبوو، بە 12 پارچە زەوی قەرەبوو كراوەتەوە. هەرچەندە قایمقامی بەردەڕەش لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت ئەو ئامۆزایەی ئەو وەكو هەر هاووڵاتییەكی ئاسایی كە زەوی بەر پرۆژەی حكومەت كەوتووە، بە بڕیاری سەرووی خۆی قەرەبوو كراوەتەوە، بەڵام هەندێك جوتیار و سەرۆكی پێشووی شارەوانیی رۆڤیا لە راپۆرتەكەدا گوتبوویان ئەو كەسە "بە نایاسایی قەرەبوو كراوەتەوە".
هەر دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكەی (رووداو)، داواكاری گشتیی بەردەڕەش دۆسیەیەكی لەسەر مەسەلەی قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتییە كردەوە. ئەندامێكی داواكاری گشتی لە بەردەڕەش كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی "بەڵێ راستە دۆسیە لەسەر قایمقام كراوەتەوە و رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی بەردەڕەش كراوە".
دادوەرێكی دادگای لێكۆڵینەوەی بەردەڕەش پشتڕاستی كردەوە كە دۆسیەیەكیان لەوبارەیەوە بە دەست گەیشتووە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی دۆسیەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەك لەوبارەیەوە بدات.
سەردار شێخ یەحیا عەبدولعەزیز، قایمقامی قەزای بەردەڕەش بێ ئاگایی خۆی نیشاندا كە لەلایەن داواكاری گشتییەوە دۆسیەی لەسەر كرابێتەوە و گوتی "هیچ شتێكم لەلایەن داواكاری گشتییەوە بەدەست نەگەیشتووە".
قایمقامی بەردەڕەش ئامادەیی خۆی نیشاندا هەر نووسراوێكی لەلایەن دادگا و داواكاری گشتییەوە بەدەست بگات، بچێتە دادگا و گوتی "ئامادەم بچمە بەردەم دادگا و بێ تاوانیی خۆم بسەلمێنم، هەر ئەو بەڵگەنامانەی (رووداو) بڵاوی كردنەوە، بەسن بۆ ئەوەی بێ تاوانیی خۆمی پێ بسەلمێنم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ