نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دەستکەوتی زۆر گرنگمان هەبوون

22-05-2017
دەرباز ساڵح
نێچیرڤان بارزانی چووە سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی
نێچیرڤان بارزانی چووە سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی نەوشیروان مستەفا
A+ A-

رووداو - سلێمانی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: "کاک نەوشیروان هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە و، هیوادارین پرسەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

رۆژی دوشەممە 22-5-2017، بۆ هاوخەمی دەربڕین و سەرەخۆشیکردن لە خانەوادەی نەوشیروان مستەفا و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی، بەهاوڕێیەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، هۆشیار زێباری، د. رۆژ نووری شاوێس و مەحموود محەممەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک سەرکردەی حیزبەکەی، سەردانی شاری سلێمانی کرد و چووە سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە.

دوای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی و فاتیحاخوێندن، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی خۆمان سەردانی گڵکۆی نەوشیروان مستەفامان کرد و بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووم، کاک نەوشیروان تەمەنێکی زۆری بۆ خەبات تەرخانکرد و وەک سەرکردەیەکی ئەو وڵاتە هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە".

هەروەها گوتیشی: "ئەگەر سەیری ژیانی ئەو بەڕێزە بکەین، لەپێناو ئەو باوەڕانەی خۆی قەناعەتی پێ هەبوون و، تێکۆشان لەپێناو گەلەکەیدا هەموو ژیانی خەرجکرد، ئێمە بەناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتی پارتی و حکومەتەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان دەکەین، سەرەخۆشی لە ئەندام و لایەنگر و دۆستانی کاک نەوشیروان دەکەین و ئینشائەڵڵا خودای گەورە بە بەهەشتی بەرین شادی دەکات". 
 
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست پرسەکەی ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی: "هیوادارین ئەم دەرفەتە ببێتە هۆکارێک بۆئەوەی لەگەڵ برایانی گۆڕان و لایەنە سیاسییەکان بتوانین ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان هەن چارەسەریان بکەین، گومان لەوەدا نییە خیلافاتی سیاسی لەنێوان ئێمەدا هەبوو، بەڵام ئەگەر سەیری کارە هاوبەشەکان بکەین، لە دروستبوونی بەرەی کوردستانی رۆڵی هەبوو، لەگەڵ رەحمەتی کاک ئیدریسی باوکم و، دوای ئەوە لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود بارزانی رۆڵی هەبوو".

سەرۆکی حکومەت لە چەند دێرێکدا زیاتر ئاماژەی بە خەباتی نەوشیروان مستەفا و کارە هاوبەشەکانیان کرد و گوتی: "هەروەها لە سەرخستنی راپەڕینی ساڵی 1991 کە پێکەوە پلانیان بۆ دانا و سەرکەوتن، دوای ئەوەش لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا کاک نەوشیروان رۆڵێکی زۆر باڵای هەبوو لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود و مام جەلال و بەڕێزانی تریش، ئێمە کە سەیری ئەو وێستگانە بکەین، کارە هاوبەشەکانمان زۆرترن و دەستکەوتی زۆر گرنگیشمان بۆ گەلەکەمان بەدەستهێناون، هیوادارین دوای ئەمەش بتوانین لەگەڵ برایانی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە لەپێناو خزمەتکردنی گەلەکەمان کاری باشتر و بەسوودتر بکەین".
  
نما و چیا، کوڕانی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێیدا بوون. عومەری سەید عەلی، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان لە گوتەیەکدا گوتی: "هیوادارین کێشەکان لەگەڵ پارتی بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین".

رۆژی 19/5/2017 نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، رۆژی دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی، هەر لە (گردی زەرگەتە) كە بزووتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروستكرد، بەخاكسپێردرا.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە