رووداو – هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان دەكات خاكەكەیان جێنەهێڵن و دەڵێ "چۆڵبوونی ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرژەوەندیی نەیارانی گەلی كوردە".
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجەشەممە لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە ئاراستەی هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستانی كردووە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەو هاووڵاتییانەی لە رۆژئاوای كوردستان ماونەتەوە خاكەكەیان چۆڵ نەكەن.
بارزانی لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی "رۆژئاوای كوردستان لە بارودۆخێكی تایبەت و هەستیاردا دەژیت. ئومێدێكی زۆر هەیە گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستاندا بە پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی مافەكانی مسۆگەر بكات. بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان پێویستی بە بەردەوامیو مانەوەی رۆڵەكانی گەلەكەمانە لەسەر خاكی رۆژئاوا".
ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان تاوەكو ئێستا رێژەیەكی چاوەڕواننەكراوی تۆماركردووە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی فراوانتربوونی كردنەوەی خاڵی سنووری پێشخابوور بەردەوام و بەلێشاو پەنابەر روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە درێژەی پەیامەكەیدا بارزانی داوا لەو هاووڵاتیانە دەكات كە هێشتا لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێن، چیدی خاكەكەیان بەجێ نەهێڵن و چۆڵی نەكەن. "چۆڵبوونی ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرژەوەندیی نەیارانی گەلی كوردەو مافە رەواكانی گەلەكەمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە".
بارزانی دەڵێت "ئەو ئازیزانەی ناوچەكانیان كەوتۆتە بەر هێرش و شەڕی تێدایە، ئەوا هەرێمی كوردستان ماڵی خۆیانە و باوەشی هەرێمی كوردستان كراوەیە، بەڵام پێویستە ئەو كوردانەی لە ناوچەكانی شەڕو پێكدادان دوورن هەر لەسەر زێدی باب و باپیرانیان بمێننەوەو ئێمەش بە هەموو توانا و ئیمكانییەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان لە خزمەتیانداین و یارمەتییان دەدەین".
ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە باشوور گەیشتووەتە 174 هەزار پەنابەر، ئەمە لەكاتێكدا بە گوتەی دیندار زێباری، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەوان پێشبینییان كردووە ژمارەی پەنابەران لە (30 – 40) هەزار پەنابەر تێپەڕ نەكات، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی رەوشی نالەباری سووریاوە، زێباری پێشبینیدەكات رێژەی پەنابەران بۆ 300 هەزار كەس بەرز ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ