رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات و داوای هەڵوێست لە رووسیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات و دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا ئاماژەیەکی مەترسیدارن.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە 22-08-2021 ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، بەم دواییانە تورکیا هێرش و پەلامارەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیادکردووە، ئەوەش لە رێگەی کردنە ئامانجی بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 22-08-2021 فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە گەڕەکی هیمۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە. بارزان فەرمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کراوەتە ئامانج، کە ئۆتۆمبێلی ستافی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
چەند رۆژێک پێش ئێستاش لە رێگەی عەلی فرۆ لە نێوان قامشلۆ و عامودێ، ئۆتۆمبێلێکی دیکە کرایە ئامانج و کەسێک بریندار بوو و یەکێکی دیکەش گیانی لەدەستدا.
مەسەدە لە راگەیێندراوەکەیدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی تورکیا دەکات و حکومەتی رووسیاش بە بەرپرس دەزانێت لەوەی تورکیا ئەو هێرشانە دەکات. مەسەدە داوا لە حکومەتی رووسیا و هێزەکانی لە سووریا دەکات سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پێیوایە "ئەو هێرشانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن و نیازی تورکیا دەردەخەن لە بڵاوکردنەوەی پشێوییەکی گەورە لە ناوچەکەدا"، بۆیە داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی، لە سەروویانەوە ئەمریکا، دەکات هەڵوێستی هەبێت.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات:
راگەیێندراوێک بۆ رای گشتی
بەم دواییانە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا، هێرشە دووژمنکارەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا زیادکردووە، ئەوەش لە رێگەی کردنە ئامانجی بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئۆتۆمبێڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس لە شارەکانی قامشلۆ و تەلتەمر شەهیدبوون.
ئەنجوومەنی سوویاری دیموکرات بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەری تیرۆیست دەکات؛ حکومەتی رووسیای فیدراڵی بەرپرسە لەو هێرشانەی تورکیا و داوا لە حکومەتی رووسیا و هێزەکانی لە سووریا دەکەین سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن و سنوورێک بۆ ئەو پێشلکارییانەی تورکیا دابنێن، بەو پێیەی رووسیا لایەنی گەرەنتیکاری رێککەوتنی ئاگربەستە لەو ناوچانەدا.
ئەو کارە دووژمنکارانەی تورکیا و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە بەرامبەر دانیشتوانی رەسەن لە ناوچەکانی سووریای داگیرکراو دەیکات، بێ بوونی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکی نێودەوڵەتی، یان ئاماژەیەکی جیدی بۆ لێپرسینەوە، هانی تورکیا دەدات بۆئەوەی هێرش و تاوانی جەنگی زیاتر ئەنجام بدات و ئەمە گەرەنتییە بۆی تاوەکو بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و پشتوانیکردن لە بڵابوونەوەی تیرۆر لە جیهاندا.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پێیوایە ئەو هێرشانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن و نیازی تورکیا ئاشکرادەکەن لە بڵاوکردنەوەی پشێویەکی گەورە لە ناوچەکەدا؛ بۆیە ئەنجوومەنەکە داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی داعش لەسەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە هەڵوێست لەبارەی ئەو کردەوە دووژمنکارانەی تورکیا وەربگرێت؛ هەروەک داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا بکەن و کاربکەن بۆ لێپرسینەوەی، بەوپێیەی ئەمە پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری وڵاتانە و هەڕەشە بۆ ئاسایش و ئاشتیی وڵاتان دروستدەکات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدان
شیفای خێرا بۆ بریندارەکان
سەرکەوتن بۆ سووریای دیموکرات
22ی ئاب 2021
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات



