گوتەبێژی دادگەی سلێمانی: تۆمەتبارانی لالەزار دۆسیەی کوشتنی بەئەنقەستیان بۆ دەکرێتەوە

22-08-2025
پەیمان محەممەد
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی. وێنەکە ئەرشیفە.
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی. وێنەکە ئەرشیفە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دادگەی سلێمانی دەڵێت، جیا لە فەرمانی پێشووی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و کەسانی دەروبەری، بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوێکی دیکەی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێتەوە، کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست. 
 
ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025، حاکم سەڵاح حەسەن، جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی و گوتەبێژی دادگەکە لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکەی هۆتێل لالەزار قسەی بۆ نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو یاساشکێنی و خۆبەدەستەوەنەدانەی لاهوور شێخ جەنگی و کەسانی دەوروبەری کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو، چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون.''
 
حاکم سەڵاح حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بوو ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو، بەبێ بەرەنگاربوونەوە خۆیان رادەست بکەن، ''بەڵام بەداخەوە ئەوان پێچەوانەی یاسا مامەڵەیان کرد و رووبەڕووی هێزەکان بوونەوە.''
 
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
دوای نزیکەی چوار کاژێر شەڕ و پێکدادان و کوژرانی چوار کەس کە سێیان کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان بوون، لاهوور شێخ جەنگی و دوو برای بە ناوەکانی ئاراس و پۆلاد دەستگیر کران.
 
جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی گوتی، تۆمەتباران جیا لەو فەرمانە دەستگیکردنەی کە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی بۆیان دەرچووبوو، ''ئێستا بەهۆی شەهیدکردنی ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان، پەڕاوێکی دیکەی لێکۆڵینەوەیان بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دەکرێتەوە، کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست.''
 
حاکم سەڵاح حەسەن زیاتر گوتی: ''لە ئەنجامی خۆبەدەستەوەنەدانی تۆمەتباراندا بوو کە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون، تۆمەتی کوشتنەکە دەخرێتە پاڵ هەر کەسێک کە هۆکاری دروستبوونی شەڕ بووە، بکەری سەرەکیی تاوانەکە بووە یان هەر کەسێک کە بەشداری کردووە لەو بەرەنگاربوونەوەیە چەکدارییەدا و بەبێ جیاوازی بە هاوبەشی بکەری تاوانەکە هەژمار دەکرێن.''
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی، رۆژی یەکشەممە 24ـی ئاب، رێوشوێنە یاساییەکان سەبارەت بە دۆسیەکە دەگیرێنەبەر و ''دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون، تۆمەتباران رادەستی دادگەی تایبەتمەند دەکرێن.''
 
جیا لە سێ کارمەندەکەی هێزە ئەمنییەکان، پاسەوانێکی لاهوور شێخ جەنگیش لە شەڕەکەدا کوژراوە. حاکم سەڵاح حەسەن گوتی، ''ئەو کەسە خۆی بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان وەستاوە، واتا بووەتە هۆکاری ئەوەی کە نەتوانرێت بڕیاری دادگە [بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی] جێبەجێ بکرێت''.
 
فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمی دەزگای روانگە لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو

دەزگای روانگە: هەتا 1200 ماڵی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ ئاوەدان نەکەینەوە، ناوەستین

لە چەمچەماڵ، لە ماوەی چوار رۆژدا هەڵەت فەرهاد ژیانێکی گەرموگوڕی لێ شێوا، کاتێک لافاو ئەوەی لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵەکەی بۆ خۆشگوزەرانی پێکەوەیان نابوو، لەگەڵ خۆی بردی؛ بەڵام لەناو ئەو نائومێدییە قووڵەدا، دەزگای روانگە وەکو چرایەکی درەوشاوە، هیوا و ئومێدیان بۆ گەڕاندنەوە