رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕەکەی لالەزار پێکهێندراوە و سەردانی هەموو ماڵەکانی دەوروبەری هۆتێلەکە دەکات. دەشڵێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی، قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025 شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ تیمێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، کە بەهۆی شەڕەکەی لالەزارەوە زیانیان بەرکەوتووە.
شاهۆ عوسمان بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''دڵخۆشین بەوەی خەڵکی گەڕەکەکانی دەوروبەری هۆتێل لالەزار هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەتووە.''
جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەیەک خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکات و بەپێی ئەو پلانەی کە هەیە، ئەو ئۆتۆمبێل و خانووانەی کە بۆ چاککردنەوە دەبن، چاکدەکرێنەوە و ئەوەی پێویستیشیان بە قەرەبووکردنەوە هەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
شاهۆ عوسمان گوتیشی، ''بێگومان سەردانی هەموو شوێنەکان دەکرێت و سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.''
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە و گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان و پاسەوانێکی لاهوور شێخ جەنگی، شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و دوو برای بە ناوەکانی ئاسۆ و پۆڵاد دەستگیر کران.
جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی رووداوەکەی لالەزارەوە گوتی، ''ئێمە وەک ئیدارەی سلێمانی، هیچ کەسێک لە سەرووی یاسا نابینین و پێویستە بە یەکسانی بۆ هەموو لایەک جێبەجێ بکرێت. ئەگەر کەسێک لە یاسا دەربچێت، تیمەکانی ئەمنی رووبەڕووی دەبنەوە.''
لەبارەی دۆخی ئەمنیی سلێمانی، شاهۆ عوسمان دەڵێت، ''بێگومان ئێستا زۆر ئارامە، هیچ گرژییەک لەئارادا نییە و تەواوی بازاڕ، کۆڵانەکانی سلێمانیمان بەسەرکردووەتەوە و دۆخەکە زۆر ئاساییە.''
بە گوتەی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ رووداو، هێزێکی ئەمنی بە چەکی سووک و قورسەوە چوونەتە سەر کەناڵی ئاسمانیی زووم، کە بە میدیای بەرەی گەل دادەنرێت.
هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زوومیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری هێز نین، چونکە پێشوەختە کەناڵەکەمان چۆڵکردووە."
لەبارەی چارەنووسی کەناڵی زووم، جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، ''ئەگەر کەناڵەکەش وەک ئەو بەڕێزانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو، پێچەوانەی یاسا کارێکی کردبێت، پێویستە بە هەمان شێوە ملکەچی یاسا بێت.''
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی و چەند داواکراوێکی دیکە بەگوێرەی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست.
پێشتر حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش بە رووداوی گوتبوو، فەرمانی گرتنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ