کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر بۆ رووداو: لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سلێمانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانی کوژرانی هاووڵاتییانن لە سلێمانی و لە نزیکەوەش چاودێری دۆخی شارەکە دەکەن.
رۆژی هەینی، 22ـی ئابی 2025، کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی رووداو دا سەبارەت بە رووداوەکانی سلێمانی رایگەیاند، "نیگەرانی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانین لە سلێمانی لە شەوی رابردوودا". دەشڵێت، "هاوبەشی خەمی خێزانی کوژرا و بریندارەکانیان."
کۆنسووڵخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەریتانیا داوا لە دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان دەکات دڵنیایی بدەن کە پەیڕەوی رێکارە یاساییەکان بکەن بە جێبەجێکردنی بنەماکانی دادپەروەریی شەفاف و بێلایەنی". جەختیش لەوە دەکەنەوە، "بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی هێرشیان کردەسەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، دوای زیاتر لە سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە ناوبراو و براکانیان دەستگیرکرد.
لە پێکدادانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا چوار کەس کوژران. سێیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون و یەکێکیشیان ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بوو.