وەبەرهێنانی هەولێر: کێشەی دەشتی بەهەشت و چەند پرۆژەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون چارەسەرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر رایدەگەیێنێت، کێشەی چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون چارەسەرکراوە و کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە، لەوانە پرۆژەی دەشتی بەهەشت، کانی ئەڵمانی و کۆیە ستی.
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رەنج بەدواداچوون بوو بۆ کوالێتی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و نرخی خزمەتگوزارییان. ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی میوانی بەرنامەکە بوون جەختیان کردەوە، کە کرێی خزمەتگوزاریی یەکەکان کەمکراونەتەوە. جگە لەوەش بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانەی پێشتر لە هەولێر بەهۆی کێشەوە راگیرابوون، چارەسەرکراون و کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە.
سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، پڕۆژەكانی (دەشتی بەهەشت، كانی ئەڵمانی و كۆیە ستی) كە ماوەی چەندین ساڵ كێشەیان هەبوو، كێشەكانیان چارەسەر بووە و لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا دەست بە كارکردن دەكەنەوە.
هەر لە بەرنامەكەدا ئەوەشی خستەڕوو، کە پڕۆژەكانی (وەرین ستی ، مەم و زین و زێڕین) كێشەیان نەماوەو دەستكراوەتەوە بە كاركردن تێیاندا . هەروەها هەردوو پڕۆژەی فلۆریا ستی و رۆژ تاوەریش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیانن.
سامان عارەب، ئاشکرایکرد، 13 وەبەرهێنەری شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی سكاڵایان لەسەرە قەدەخەی گەشتكردنیان خراوەتەسەر.
لەبارەی نرخی کرێی خزمەتگوزارییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لەسەر بڕیارێكی حكومەت، نرخی نوێیان بۆ خزمەتگوزاریی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەپێی ئاستی کوالێتییان دیاریكردووە، "هەر خاوەن كۆمپانیایەكیش پابەندی ئەو نرخە نوێیانە نەبێت بە بڕی 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت".
لەسەر پێشنیازی رەنج سەنگاوی پێشكێشکاری بەرنامەكە، وەبەرهێنانی هەولێر بڕیاریدا لە هەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر كە ژمارەیان 100 پڕۆژەیەو 78یان خەڵكیان تێدا نیشتەجێن، سندووقێكی سكاڵا دابنرێت، تاوەكو دانیشتووانی کۆمەڵگەکان هەر ناڕەزایەتییەكیان هەبوو راستەوخۆ لە رێگای نووسینەوە دەستەی وەبەرهێنان ئاگادار بكەنەوە.
سامان عارەب ئەوەشی روونكردەوە لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە پرۆژەكان 50% نرخی خزمەتگوزارییان دابەزاندووە، "بەڵام هێشتا 20% بۆ 25% وەبەرهێنەرەكە قازانج دەکات".