کێشەی پرۆژە وەستاوەکانی هەولێر چارەسەر دەکرێ و کارکردن تێیاندا دەستبێدەکاتەوە
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رەنج بەدواداچوون بوو بۆ کوالێتی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و نرخی خزمەتگوزارییان. ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی میوانی بەرنامەکە بوون جەختیان کردەوە، کە کرێی خزمەتگوزاریی یەکەکان کەمکراونەتەوە. جگە لەوەش بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانەی پێشتر لە هەولێر بەهۆی کێشەوە راگیرابوون، چارەسەرکراون و کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە.
سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر لەسەرەتای بەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو، لەسەر بڕیارێكی حكومەت، نرخی نوێیان بۆ خزمەتگوزاریی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەپێی ئاستی کوالێتییان دیاریكردووە، هەر خاوەن كۆمپانیایەكیش پابەندی ئەو نرخە نوێیانە نەبێت بە بڕی 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
لەسەر پێشنیازی رەنج سەنگاوی پێشكێشکاری بەرنامەكە، وەبەرهێنانی هەولێر بڕیاریدا لە هەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر كە ژمارەیان 100 پڕۆژەیە 78یان خەڵكیان تێدا نیشتەجێن، سندووقێكی سكاڵا دابنرێت، تاوەكو دانیشتووانی کۆمەڵگەکان هەر ناڕەزایەتییەكیان هەبوو راستەوخۆ لە رێگای نووسینەوە دەستەی وەبەرهێنان ئاگادار بكەنەوە.
سامان عارەب ئەوەشی روونكردەوە لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە پرۆژەكان 50% نرخی خزمەتگوزارییان دابەزاندووە، "بەڵام هێشتا 20% بۆ 25% وەبەرهێنەرەكە قازانج دەکات".
بەڕێوبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر لە بەرنامەکەدا مژدەیەكی دایە بەشداربووانی پڕۆژەكانی (دەشتی بەهەشت، كانی ئەڵمانی و كۆیە ستی) كە ماوەی چەندین ساڵ كێشەیان هەبوو، كێشەكانیان چارەسەر بووەو لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا دەست بە كارکردن دەكەنەوە.
هەر لە بەرنامەكەدا ئەوەشی خستەڕوو پڕۆژەكانی (وەرین ستی و مەم و زین و زێڕین) كێشەیان نەماوەو دەستكراوەتەوە بە كاركردن تێیاندا . هەروەها هەردوو پڕۆژەی فلۆریا ستی و رۆژ تاوەریش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیانن.
سامان عارەب، ئاشکرایکرد، 13 وەبەرهێنەری شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی سكاڵایان لەسەرە قەدەخەی گەشتكردنیان خراوەتەسەر.
عەزیز سەعید، وەك بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، بەشداری بەرنامەكەی كردو ئەوەی خستەڕوو، لە سلێمانی كە 57 پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن و 40یان لە بواری وەبەرهێناندان نرخی خزمەتگوزارییەكان تاوەكو رادەیەك هەرزانە. گوتی "بەشێوەیەكی گشتیی نرخی خزمەتگوزارییەكان بۆ مانگێك لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 60 هەزار دینار، زۆربەیان نرخیان هەر 60 هەزار دینارێكە جگە لە 3 پرۆژەیان كە نرخیان لە 60 هەزار دینار زیاترە، هاوشێوەی شارەكانی دیكە لە سلێمانی لیژنەیەك دروستكراوە پێداچوونەوە بە هەموو نرخەكاندا دەكات.
ئەحمەد رێكانی، سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد، ئەوان وەك رێكخراوەكەی خۆیان پێیان باشە نرخی خزمەتگوزاری یەكەكانی نیشتەجێبوون، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دیاری بكرێت بەیەك چاویش سەیری هەموو پڕۆژەكان بكرێت.
كوردۆ ئیحسان، بەڕێوبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك باسی لەوە كرد لیژنەی دابەزاندنی نرخی خزمەتگوزاری یەكەكانی نیشتەجێبوون لە دهۆك بەشێوەیەكی باش دەستبەكار بوو نرخی خزمەتگوزاری بۆ 44 پرۆژە دیاریكردووە.
ئەندازیار هەڵات رەئووف، سەمایەدار و هاوردەكاری كەرەستەی بیناسازی وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئاماژەی بەوەدا زۆربەی كاڵا گرنگەكان كە خەڵك دەیكڕێت گەرەنتی ساڵێك یان زیاتریان لەگەڵدایە بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوونیش پێویستە گەرەنتی چەند ساڵێك بدرێتە ئەو كەسانەی دەیكڕن، بە نموونە بۆ ماوەی ساڵێك هەر گرفتێك لە كارەبادا هەبوو پێویستە وەبەرهێنەكە چاكی بكاتەوە.
شۆیەكی راستهوخۆی گفتوگۆئامێزە، بە ئامادەبوونی خەڵك، كەسانی پەیوەنددار و بەرپرس بانگێشت دەكات و لەرێی گفتوگۆوە بابەتی بەرنامەكە لەماوەی 90 دەقیقە بەرێ دەكەن. لەگەڵ رەنج لەبارەی پرسەكانی رۆژ دەدوێ و هەموو بابەتەگەرمەكان لە روداوی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دیاردەكان باس دەكات
بهشی بكه لە