15 ئۆتۆمبێل لە ورمێ پێکیاندادا و 17 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 15 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و 17 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو لە ناوچەی قوشچی لە رێگەی نێوان ورمێ-سەڵماس روویداوە و 15 ئۆتۆمبێل پێکیانداداوە.
حەمید مەحبووبی گوتی، لە رووداوەکەدا 17 کەس برینداربوون کە لە لایەن تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەستپێکردووە، بەڵام بە پێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و خلیسکی رێگەکە بووە.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە پلەی گەرما دابەزیوە و لە ناوچە کوێستانییەکانی باکووری پارێزگاکەش بارینی بەفر و باران دەستیپێکردووە.
4ی ئەیلوولی 2025، موسا ئەدیبفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-07-2025، 241 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 942 کەسی دیکەش بریندار بوون.