جارێکی دیکە جووتیاران رێگەی سەرەکیی مەخموور هەولێریان داخست
رووداو دیجیتاڵ
بازگەکانی سوپای عێراق بەردەوامن لە رێگریکردن لە جووتیارانی مەخموور و رێگەیان پێ نادەن پێداویستیی کشتوکاڵ بگوازنەوە سەر زەوییەکانیان، بۆیە جووتیارانی مەخموور رێگەی سەرەکیی نێوان مەخموور و هەولێریان داخست.
بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) بەشێک لە جووتیارانی مەخموور بەهۆی رێگریکردنی سوپای عێراق لە گواستنەوەی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیی جووتیاران بۆ سەر زەوییەکانیان، بۆ جاری دووەم رێگەی سەرەکیی شارەکە و هەولێریان لەنێوان بازگەی پێشمەرگە و سوپای عێراق داخست.
لە مەخموور، مانگی تشرینی یەکەم، وەرزی چاندنی گەنمە و زیاتر لە هەفتەیەکە جووتیاران ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن، ئەگەر ئێستا پەینی کیمیاییان پێ نەگات، ناتوانن دەست بە چاندنی گەنم بکەن.
بەگوتەی جووتیاران، ئەو رێگرییەی سوپای عێراق بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵە و، بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت لە هەولێر و موسڵەوە هیچ بنەتۆ و پەینێکی کیمیایی بۆ زەوییەکانیان بهێنن.
یەکێک لە جووتیاران بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی گوت ''هەفتەی پێشووش خۆپێشاندانمان کرد و گوتیان 'سێ رۆژ مۆڵەتمان پێ بدەن.' دوای سێ رۆژەکەش هیچیان بۆ نەکردین و گوتیان 'بە دەست ئێمە نییە و دەبێ لە پەرلەمان ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە، لە دەسەڵاتی قایمقام و هەواڵگریی مەخمووردا نییە'، ئەوان نووسراویان بۆ کردووین، بەڵام بازگەکان کار بە نووسراوەکە ناکەن و دەیدڕێنن.''
جووتیارێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''برادەرێکم بنەتۆ و پەینی کیمیایی هێنابوو، لە بازگە گوتیان 'بەبێ ئەوەی یەک قسە بکەیت، راست بگەڕێوە.' ئەگەر قسەشی کردبووایە، دەیانبردە موسڵ و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگرت.''
جووتیاران داوادەکەن تاوەکو دوو هەفتەی دیکە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و رێگە بە بردنی بنەتۆ و پەینی کیمیایی بۆ سەر زەوییەکانیان بدرێت، چونکە مەخموور ناوچەیەکی گەرمە و زۆربەی ئەو گەنمەی لە ناوچەیە دەچێندرێت، گەنمی بەراوە، بۆیە لە سەرەتای مانگی 10ـوە جووتیاران لە مەخموور پێش ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دەست بە چاندنی گەنم دەکەن.
جووتیارانی مەخموور دەشڵێن، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر سوپای عێراق رێگە نادات جووتیارانی ئەو ناوچەیە بە ئازادی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیی خۆیان بۆ سەر زەوییەکان بگوازنەوە، لە بەرامبەر گواستنەوەی هەر تۆنێک گەنم [بنەتۆ] یان پەینی کیمیایی، نزیکەی 70 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.