213 کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا و توونس رزگارکران؛ 15 کەسیان کوردن
رووداو دیجیتاڵ
213 کۆچبەر لە سێ کات و شوێنی جیاوازی شەوی رابردوو، بە سێ یەختەوە لە لیبیا و تونسەوە بە رێگەی دەریاوە بوون بۆ ئیتاڵیا، لەلایەن پۆلیسەوە رزگارکران. 15 کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەنێو رزگارکراوان دان.
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، رۆژی چوارشەممە، بە رووداوی گوت: "یەختی یەکەم 85 کۆچبەری تێدابوو، لەو ژمارەیە 12یان کوردن و دانیشتووی پشدەر و بیتوێنن، لە لیبیاوە بەڕێکەوتوون بۆ ئیتاڵیا، بەڵام یەختەکەیان پەکی کەوتبوو،"
ئەو نوێنەرە گوتیشی، "کەسوکاری ئەو کۆچبەرە کوردانە ئاگاداریان کردمەوە و منیش پۆلیسی ئیتاڵیام ئاگادارکردەوە، پۆلیس گوتی، لە سنووری ئێمە نییە، ئەوان پۆلیسی لیبیایان ئاگادارکردەوە و لە لیبیا رزگارکران."
بەپێی نامەی دەنگی یەکێک لە کۆچبەرە کوردە رزگارکراوەکان کە بۆ باوکی ناردووە و دەست رووداو کەوتووە، گەنجە کوردەکە باوکی ئاگادار دەکاتەوە کە لەلایەن پۆلیسی تونسەوە رزگارکراون و دەڵێت: "وا دەمانبەن ئەوجا نازانم چمان لێدەکەن."
باوکی یەکێک لەو کۆچبەرە کوردانەی کە رزگارکراون و نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە رووداوی گوت: "سێ کەسی ئێمە لەنێو یەختەکەی لیبیان، کوڕێک و دوو برازام، دوو مانگە لە لیبیا بوون و دەرفەتی دەرچوونیان نەبووە، بۆ هەر یەکێکیان سەرووی 15 هەزار دۆلارمان داوەتە قاچاخچی. ئەمشەو رۆیشتوون و قاچاخچی گوتی، بەنزینیان نەمابوو، بەنزینیان بۆ تێکراوە و ئازادکراون. هەواڵێکی دیکەش هەیە لە پۆلیسی تونسەوە دەستگیرکراون، دڵنیا نین تاوەکو شەو هەواڵی نوێم پێدەگات."
یەختی دووەم بە 76 سەرنشینەوە لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە رزگارکراون. پێشڕەو عەبدوڵڵا، گوتی: "کۆچبەرانی نێو یەختی دووەم خەڵکی وڵاتانی نەیجیریا، ئەسیوپیا و بەنگلادیش بوون، لە توونسەوە بە چووپ بەڕێکەوتبوون."
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، رۆژی چوارشەممە، لەبارەی یەختی سێیەمەوە، بە رووداوی گوت: " 52 کۆچبەری تێدابووە، دڵنیاین سێ لە کۆچبەرەکان کوردن و لەوانەیە ژمارەی کوردەکان زیاتربن، رێگەیان هەڵەکردبوو، چووبوونەوە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی تونس و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە رزگارکراون."
بەپێی ئەو ئامارەی کە پێشڕەو عەبدوڵڵا، لە پۆلیسی ئیتاڵیای وەرگرتووە، ئەم ساڵ 6176 هەوڵی کۆچی نایاسایی بۆ ئیتاڵیا هەبووە کە 2379 هەوڵیان شکستی هێناوە و نەگەیشتوونەتە ئەو وڵاتە ئەورووپییە.