سیداد بارزانی: دەبێت هەڵبژاردنی داهاتوو بە یەک بازنەیی بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان خواستی حیزبەکەی بۆ سیستمی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو و پێشنیاز دەکات، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی یەک بازنەیی بکرێت.
 
سیداد بارزانی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە دەڤەری باڵەکایەتی راگەیاند، دەستووری عێراق ئەگەر هەموو خواستەکانی کوردیشی تێدا جێ نەکرابێتەوە، زۆرینەی خواستەکانی جێ کراوەتەوە و هەموو لایەنەکانیش بە دەستوورەکە رازی بوون. 
 
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشكرد، [لایەنەکان لە عێراق] دوای ئەوەی جێ پێی خۆیان تووند کردووە، خۆیان لە جێبەجێکردنی دەستوور دزیوەتەوە. 
 
عێراق 100 ساڵە خاوەنی دەستوورە، دوایین جار کە دەستوورەکەی نووسراوەتەوە لە ساڵی 2005 بوو، لە 30ی كانوونى دووەمى 2005یشدا راپرسی کرا و لەلایەن عێراقییەکانەوە دەنگی لەسەر درا. 
 
سیداد بارزانی لەبارەی جێبەجێکردنی مادەکانی ئەو دەستوورەی لە ساڵی 2005 نووسراوەتەوە گوتی، "زۆرینەی مادەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە لە پرسی  مادەی 140 و نەوت و گاز و بابەتەکانی تر پێشێلکراون."
 
ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسای هەڵبژاردن ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023 لە 18 بازنە بەڕێوەدەچێت. بە گوتەی ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیار بووە تەنیا بۆ یەک جار هەڵبژاردن بەو سیستمە بکرێت، بەڵام لە ساڵی 2010ـەوە بەو سیستمە هەڵبژاردن دەکرێت و نەگۆڕاوە. 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نادادپەوەر دەزانێت و پێی وایە نرخی کورسی لە هەرێمی کوردستان بەرزترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، وەک ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە گوتی، "لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگی پەرلەمانتاری ئێمە دەبێت 15 هەزار و 20 هەزار زیاتر بێت، بەڵام لەناوچەکانی خواروی عێراق بە هەزار و دوو هەزار دەنگ و کەمتریش نوێنەر چووە بۆ پەرلەمان و ئەوەیش نادادپەروەرییە."
 
رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، جەعفەر ئیمینکی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"دوای هەڵبژاردن یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نوێنەرانیان بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکەدا کارکردن دەبێ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن."
 
سەرۆک بارزانی لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و گوتی: "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت."
 
سیداد بارزانی ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێداگیرییەک لەسەر خواستی حیزبەکەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشنیازی کرد، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی یەک بازنەی ئەنجام بدرێت. 
 
"جێ دەستی ئەو حکومەتانە دیارە کە پارتی سەرکردایەتی کردوون"
 
تائێستا 9 کابینەی وزاری لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، زۆرینەیان لەلایەن براوەی یەکەمی هەڵبژاردن کە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە سەرۆکایەتی کراون. 
 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی کابینەکانی چوارەم، پێنجەم، حەوتەم و هەشتەمی کردووە، کابینەی نۆیەم لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. 
 
سیداد بارزانی لەگەڵ باسی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان گوتی،" ئەگەر سەیری رابردوو بکەین دەبینین ئەو حکومەتانەی هەرێمی کوردستان کە پارتی سەرۆکایەتی کردوون دیارە و شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەیان کردووە".
 
قەیرانی دارایی و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سیداد بارزانی بوون و رایگەیاند، راستە کەموکوڕتی هەن، بەڵام بەپێی ئەو بوودجەیەی لە بەردەستی هەرێمی کوردستان بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە توانی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان بکاتەوە.
 
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی کرد، "بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی بەردەوام بێت و مادە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن" لە هەڵبژاردندا پشتیوانی پارتەکەیان بکەن. 
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، مافی دەنگدانیان هەیە.