رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 9 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێکی خنکاو لە رووباری دیجلە لە شاری سەماوە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بووە. ئەم رووداوە بووەتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لەسەر لێواری رووبارەکە و چەندین چیرۆک و دەنگۆشی سەیر و سەمەرەی لێکەوتووەتەوە.
هاوکات، خەڵک دەڵێن لانیکەم 4 تەرم لە رووبارەکە دەرهێنراون، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا تەرمی دوو پیاوی نەناسراو دۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکەدا بەردەوامە.
کەسوکاری حوسێن باسم، گەنجە خنکاوەکە، خێوەتی پرسەیان لەنزیک شوێنی رووداوەکە هەڵداوە و چاوەڕێی دۆزینەوەی تەرمەکەی دەکەن.
جاسم محەممەد، مامی گەنجە خنکاوەکە بە رووداوی گوت: "هاتبوونە ئێرە مەلە بکەن خۆی و برا و ئامۆزاکانی، بەڵام نقووم بوو. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 غەواس لە دەوڵەت و لە رومادی، حیلـلە و بەسرەوە بەردەوامن لە گەڕان."
عەلی رەزا، هاوڕێی گەنجە خنکاوەکە دەڵێت: "لە کار گەڕابوونەوە و هاتبوونە ئێرە بۆ مەلەکردن. هاوڕێکەی فریای نەکەوتبوو و خنکا. بانگی پۆلیسی دەریاوانی کرابوو، بەڵام ئەوانیش هیچیان پێنەکرا. تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نییە."
بۆ دۆزینەوەی تەرمی حوسێن باسم، هێزەکانی سەرایا سەلام، پۆلیسی فیدراڵی، وەڵامدەرەوەی خێرا، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فریاکەوتن بەشدارن، بەڵام بێ ئەنجامیی هەوڵەکانیان ناچاریان کردووە پەنا بۆ غەواسە بەتواناکەی کوردستان ببەن.
زانای غەواس دەڵێت، "وەکو کوردێک هاتووم، گوشارێکی زۆریان لێکردم لەلایەن بەرپرسەکانی عێراقەوە بۆ ئەوەی هاوکاریان بم. بە پشتیوانی خوای گەورە دەدۆزرێتەوە، جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی، 100٪ دەدۆزرێتەوە، ئەم قسەیە لە من وەربگرن."
شەو و رۆژ خراوەتە سەر یەک بۆ دۆزینەوەی تەرمی حوسێن، بەڵام کۆبوونەوەی سەدان کەس لەسەر لێواری رووبارەکە کارەکانی تیمە فریاگوزارییەکانی قورستر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ