یەکێتی 118 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێت

23:33

گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی بۆ رووداو: 60%ـی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەواوبووە

گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی بۆ رووداو: 60%ـی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەواوبووە
 
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی بەردەوامە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بخایێنێت. تاوەکو ئێستاش نزیکەی 60%ـی دەنگدان تەواوبووە".

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، بەربژێری هیچ بازنەیەک کەمنەکراوەتەوە و هەموو کارەکان بە ئاسانی دەڕۆن.

مەلا یاسین لەبارەی وادەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند "بۆئەوەی گەندەڵی تێنەکەوێت، راستەوخۆ دوای راگەیاندنی پرۆسەکە لەبەرچاوی کامێراکان و دادوەرەکان دەنگەکان جیادەکرێتەوە".

 

20:14

گوتەبێژی یەکێتی: سبەی ئەنجامی دەنگدانی ئەنجوومەنی گشتی رادەگەیێندرێت

گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی
 
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆنگرە هەموو هەنگاوە سەرەکییەکانی تێپەڕاندووە و کارەکانی زۆر بەباشی رۆیشتووە. دەنگدان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی بەردەوامە و سبەی ئەنجامەکان رادەگەیێنن. 
 
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە دەنگدان لە کاژێر 02:00ـی شەو تەواو بێت و راستەوخۆ دوای ئەوە دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکەن. 
 
مەلا یاسین راشیگەیاند، دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبن و لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان ئەو بەربژێرانە دەتوانن راستەوخۆ ژمارەی دەنگەکانی خۆیان ببینن. 

17:55

مستەفا چاوڕەش: هیچ سانسۆرێک لەسەر کەس نییە لەکاتی دەنگدان

کۆنگرەی رۆژنامەڤانی مستەفا چاوڕەش
 
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەزار کەس دەنگ بە 118 کەس بە بەرچاوی 12 بۆ 13 دادوەر دەدەن و دەنگدانێکی باش کراوە، خەڵکی بە ئازادانە دەنگ دەدات و هیچ سانسۆر و زەختێک لەسەر کەس نییە. 
 
مستەفا چاوڕەش لەبارەی هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم لە کۆنگرە سەرکردایەتییەکی وا هەڵبژێرن کە بەکەڵکی ئەم قۆناخەی ئێستا بێت، خەڵکی دڵسۆز بێت و بتوانێت ئیدارەی وڵاتەکە بکات. بۆ قۆناخی داهاتوو بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکانی ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە بەهێز بێت". 
 
مستەفا چاوڕەش راشیگەیاند "هیوادارم سەرکردایەتی نوێ بتوانێت خزمەتی، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و گەنجان بکات". 
 
دۆخی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران ئاڵۆزی تێکەوتووە، مستەفا چاوڕەش لەو بارەیەوە رایگەیاند، دەبێت سەرکردایەتییەک هەڵبژێرین بەرنامەیان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق و پێشهاتەکان. 

 

17:08

مەلا بەختیار: لە رووداودا گوتم بەشێک دەبم لە چارەسەر و هەر وامکرد

مەلا بەختیار لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی
 
مەلا بەختیار کە دوێنێ بە ئەندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی یه‌كێتی هەڵبژێردرا لەبارەی دەنگدان بە بەربژێرانی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی دەڵێت، "لەنێوان كینە و بەرپرسیارێتیدا، لەنێوان ویژدان و بێ ویژدانیدا، وەكو مەلا بەختیار دەبوو یەكێكیان هەڵبژێرم. كە كاندیدی مەڵبەند و سەركردایەتیم بەسەر دەكردنەوە قەت نەمتوانی ناجوامێرییەكان كە بەرامبەرم كراوە بكەمە پێوەری دەنگدان. بۆیە، لەگەڵ كام هەڤاڵ ناكۆك بووم هیچ كاریگەرییەكی لەسەرم نەبوو بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان. بەڵكو مێژووی خەبات و پەرۆشی و ئاستی تێگەیشتن لام پێوەر بوو".
 
لە هەژماری تایبەتی خۆی مەلا بەختیار بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانی بە چ پێوەرێك دەنگم دا؟ و نووسیویەتی "سەرەڕای جیاوازی و رەخنەكان دواجار كۆنگرە بەسترا. بەستنی كۆنگرەش، گرنگ بوو.. نەك بە پاساوی ناڕاست دواخرابا. جارێ زووە حوكم لەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانی لەمەودوا بدرێ، بەڵام ئومێدەوارم لەم قۆناخە گوزەرەی حیزبایەتیدا و لەم هەلومەرجەی شەپۆلەكانی گۆڕانكاری كە دەوری تەنیوین، تێبگەین، تەنها گۆڕانكاری و ئاراستەی نوێی سیاسی، دادمان دەدات. دیارە كۆنگرە لەپێناوی كۆنگرە نییە. بەڵكو كۆنگرە لەم سەردەمەدا، تەنها و تەنها بۆ بەدیهێنانی خەونە كۆن و نوێكانە و خزمەتكردنی نەوەی نوێیشە!"
 
دەقی نووسینەکەی مەلا بەختیار
 
بە چ پێوەرێك دەنگم دا؟!
 
سەرەڕای جیاوازی و رەخنەكان، دواجار كۆنگرە بەسترا. بەستنی كۆنگرەش، گرنگ بوو.. نەك بە پاساوی ناڕاست دواخرابا.
جارێ زووە، حوكم لەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانی لەمەودوا بدرێ. بەڵام ئومێدەوارم، لەم قۆناغە گوزەرەی حیزبایەتیداو لەم هەلومەرجەی شەپۆلەكانی گۆڕانكاری كە دەوری تەنیوین، تێبگەین، تەنها گۆڕانكاری و ئاراستەی نوێی سیاسی، دادمان دەدات. دیارە كۆنگرە لەپێناوی كۆنگرە نییە. بەڵكو كۆنگرە لەم سەردەمەدا، تەنها و تەنها بۆ بەدیهێنانی خەونە كۆن و نوێكانە. بەڵكو خزمەتكردنی نەوەی نوێشە!
 
كاتێك لیستی كاندیدەكانیان دامێ، چركەسات و موچركە هەستێكی سەیر، دایگرتم. لەنێوان كینە و بەرپرسیارێتیدا، لەنێوان ویژدان و بێ ویژدانیدا، وەكو مەلا بەختیار دەبوو یەكێكیان هەڵبژێرم. كە كاندیدی مەڵبەندو سەركردایەتیم بەسەر دەكردنەوە، قەت نەمتوانی، ناجوامێریەكان كە بەرامبەرم كراوە، بكەمە پێوەری دەنگدان. بۆیە، لەگەڵ كام هەڤاڵ ناكۆك بوم، هیچ كاریگەریەكی لەسەرم نەبوو بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان. بەڵكو، مێژووی خەبات و پەرۆشی و ئاستی تێگەیشتن، لام پێوەر بوو. لەناو سەرجەم تەكەتولەكاندا، كاندید بژێرم كردو ویژدانی خۆم ئاسودە كرد. هەشبون، كۆك بون لەگەڵمدا، بەڵام دڵنیا بوم، كەڵكی سەركردایەتیان نابێ، دەنگم نەدانێ. بەم شێوەیە پابەندی مۆراڵی دیموكراسی و حیزبایەتی بوم.
لەدوا چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنی روداودا، گوتم: لەگەڵ لێكتێگەیشتنم و بەشێك دەبم لەچارەسەریش. هەروام كرد.
لەگەڵ رێزم بۆ هەموان
 
مەلا بەختیار
23/12/2019

 

15:32

لەتیف شێخ عومەر: ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێرن

بەردەم هۆڵی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی. وێنە: رووداو
 
رووداو - سلێمانی

گوتبێژی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیێنێت، پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوامدەبێت و لەو بڕوایەشدا نییە جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەمشەو تەواو ببێت.
 
لەتیف شێخ عومەر، گوتبێژی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە کارەکانی سێیەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆتا رۆژی کۆنگرەیە و بە هەڵبژاردن کۆتایی پێدێت، لەبەرئەوەی چەند هەڤاڵێکی زۆر خۆیان کاندید کردووە و لەژێر چاودێری کۆمیسیۆن و چاودێری یاسایی دادوەرەکاندایە، پرۆسەکە بە هێمنی دەڕواتە پێشەوە".
 
بەگوتەی لەتیف شێخ عومەر، "ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کاتە و پێشبینی دەکەم تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بێت، بەڵام لەو بڕوایەدانیم جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواوببێت، چونکە نازانم بە چ میکانیزمێکی تەکنیکی دەنگەکان جیادەکرێنەوە. ئەوەش کاری من نییە، بەڵام پێموایە لە هەموو حاڵەتێکدا زۆر بخایێنێت".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەۆکی یەکێتی و بەربژێرانی ئەو پۆستە لەتیف شێخ عومەر گوتی "لەناو کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی هەڵنابژێردرێت، بەڵکو لە ئەنجوومەنی گشتی لەنێو 121 کەسەکە سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێردرێت، ئەویش لەدوای کۆنگرە. بەربژێریش بۆ ئەو پۆستە ئەوکات دەستنیشاندەکرێت".

 

14:54

شێخ جەعفەر: دیارنییە کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی بەردەوامە و ئەندامێکی کۆنگرەکەش رایدەگەیێنێت، دوای هەڵبژاردن، ئەنجوومەنەکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کار کە لە کۆنگرە پێی سپێردراوە.
 
جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی حیزبەکەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گوتی "دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنەکە کۆمەڵێک کاری پێ سپێردراوە لە کۆنگرە، ئەو کارانە جێبەجێ دەکات".
 
لەبارەی ئەوەی ئەنجوومەنەکە کێ کارەکانی بۆ دیاریدەکات و دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکە چییە، ئەو ئەندامەی کۆنگرەی یەکێتی گوتی "لە پەیڕەوی ناوخۆدا دیاریدەکرێت".
 
سەبارەت بەوەی کە کێ دەبێتە سەرۆک / سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا گوتی "ئەوە دیارنییە و لە ئەنجوومەنەکە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
 
دەربارەی ئەوەی کە دەنگی ناڕازی هەبووە لە کۆنگرەدا، ئەو ئەندامەی کۆنگرە گوتی، لە هەموو شتێکدا، ئەگەر کاری باشیش بکەیت، خەڵکی ناڕازی هەر دەبێت و هەموو کەس رازینابن.
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی کەمی کابینەکانی دەنگدان و وردەکاری زۆر لە دەنگدانەکە، پێدەچێت پرۆسەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، باسی لەوەش کرد پرۆسەکە لەلایەن هەشت دادوەر و لیژنەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 

14:31

پێتباشە کێ ببێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟

بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح
ئەمە راپرسییەکی پەیجی فەیسبووکی تۆڕی میدیایی رووداوە لەبارەی ئەوەی کە کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟ راپرسییەکە لەنێوان بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدراوە و ئێوەش دەتوانن دەنگ بدەن. 

 

13:35

لەکۆی 16 بازنە، گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی پێنج بازنەدا کراوە

بەردەم هۆڵی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی - سلێمانی
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایەگەیاند، لە کۆی 16 بازنەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارەکان، گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی پێنج بازنەدا کراوە کە پێکدێن لە مانەی خوارەوە: 
 
- لە سلێمانی 19 ئەندام بوون، کراوەتە 20 ئەندام
- لە هەولێر 15 ئەندام بوون، کراوەتە 16 ئەندام
- لە سۆران و کۆیە پێنج ئەندام بوون، کراوەتە چوار ئەندام
- لە دەڤەری راپەڕین نۆ ئەندام بووکراوەتە هەشت
 
کاژێر 10:25 خولەکی رۆژی دووشەممە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 118 ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتیی یەکێتی دەستیپێکرد و بڕيارە تاوەکو ئێوارە بەردەوام بێت. 
 
 

11:47

بەرهەم ساڵح بۆ بوونە سکرتێر زۆرترین قسەی لەسەرە

ئەنوەر حوسێن: مەلا بەختیار دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵا
ئەنوەر حوسێن، ئەندامی کۆنگرە یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، بەرهەم ساڵح بۆ بوونە سکرتێر زۆرترین قسەی لەسەرە و مەلا بەختیاریش دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی.
 
بەگوتەی ئەنوەر حوسێن بەپێی پێڕەوی نێوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی چوارەم؛ ئەنجوومەنی باڵا کە کۆسرەت رەسوول سەرپەرشتی دەکات توانای ڤێتۆکردنی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی دەبێت. 
 
ئەنوەر حوسێن جەختی لەوەشکردەوە کە تاوەکو ئێستا بەرهەم ساڵح زۆرترین قسەی لەسەرە بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری یەکێتی. 

 

10:51

سەركردایەتیی یەكێتی لە 45 رۆژدا سەرۆك ‌و جێگرانی هەڵدەبژێرێت

عەتا سەراوی: ئەمڕۆ دووشەممە هەڵبژاردن بۆ 118 ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەركردایەتیی یەكێتی دەكرێت
عەتا سەراوی، ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە تەنیا هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتیی یەكێتی دەكرێت و هەڵبژاردنی سەرۆك‌ و جێگرانی یەكێتیش لە 45 رۆژی داهاتوودا دەبێت.
 
ئەو ئەندامەی كۆنگری چوارەمی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتیدا هەیە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆ بكات‌ و بڕیارە ئەو دەستكاری كردنەش لەماوەی 45 رۆژدا بێت.  
 
لە سێیەمین رۆژی كۆنگرەی یەكێتی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی دەكرێت ‌و بڕیارە 118 كەس هەڵبژردرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی یەكەمی كۆنگرەی یەكێتی هەریەك لە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ‌و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە رەزامەندی زۆربەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتیی یەكێتی دەستنیشانكران.
 

10:37

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتی دەستیپێکرد

گوتەبێژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکات
کاژێر 10:25 خولەک دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکرد. 
 
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتی دەستیپێکرد و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکات. 
 
 
 
 

10:18

ئارێز عەبدوڵڵا: سەرۆکی یەکێتی لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت

رووداو
 
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی هەڵدەبژێردرێت، لە کۆنگرە باسی سەرۆک یاخود سکرتێری یەکێتی ناکرێت، بەڵکو ئەو ئەرکە دراوە بە ئەنجوومەنی گشتی تاوەکو لە دوای کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێردرێت.
 
ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت، نوێبوونەوە لە یەکێتی دەکەن، هەڵبژاردنی سەرۆکیش لەنێو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی بەشێکە لە نوێبوونەوەی یەکێتی، یەکێتی دەیەوێت پەیڕەوی دیموکراسی بکات و هەرکەسێک کە لەنێو ئەنجوومەنی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و دەکرێتە سەرۆک، بتواندرێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و لەکاتی پێویستدا بگۆڕدرێت.
 
ئەو ئەندامەنی کۆنگرە دەڵێت، ئەو دەسەڵاتەی پێشتر ئەندامانی کۆنگرە دەیاندا بە مام جەلال جیاوازبوو لەوەی ئێستا دەدرێت بە سەرۆکی یەکێتی، ئێستا ئەنجوومەنی گشتی دەسەڵاتەکانی سەرۆک دیاریدەکات.
 

09:36

پەیامنێری رووداو: ئەمڕۆ دوایین رۆژی کۆنگرەی یەکێتی دەبێت

رووداو
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی سێیەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتی گوتی، بەپێی قسەی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە، ئەمڕۆ دوایین رۆژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.

جەمال شکوور، ئەندامی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای 10 ساڵ ئێمە کۆنگرەی چوارەم دەبەستین و لە کۆنگرەشدا دەبێت زۆر گۆڕانکاری بکرێت، یەکێک لەوانەی کە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر دەدرێت هەڵبژاردنی 121 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتییە کە دەبێت لەگەڵ سیاسەتی ئەمڕۆی یەکێتیدا بگونجێت. 

ئەو ئەندامەی کۆنگرە دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو 121 کەسە هەڵدەبژێرێت بە سەرجەم بەرنامە و بڕگەکانی پەیڕەوی کۆنگرەدا دەچێتەوە و سەرپەرشتی ئەو بەرنامە و پەیڕەوە دەکەن.

سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کە کۆسرەت رەسوول سەرۆکایەتی دەکات، ئەو ئەندامەی کۆنگرە گوتی، ئەمڕۆ باسی دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە دەکرێت و خاڵ بە خاڵی شیدەکرێتەوە و قسەی لەسەر دەکرێت، چونکە ئەو ئەنجوومەنە رۆڵی سەرەکی دەبێت.