رووداو - هەولێر
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەولێرە، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پرسی دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگرى سەرۆکوەزیران و وەزیرى دارایى عێراق ئامادەى بوون، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق و ناوچەکە و پرسى دامەزراندنى کابینەى داهاتووى حکومەتى عێراق و ئەو پرۆژەیاسایانەیان تاوتوێکرد کە ئێستا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقن.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارى هاوبەش و دۆزینەوەى رێگەچارەى ئەرێنى بۆ کێشەکان بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەى خواستە رەواکان بێت و لە خزمەتى تەواوى وڵات و گەل و پێکهاتەکانى عێراقدا بێت.
هەرلەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پشتگیرییە هاوبەشەکانیان لە پرۆسەى سیاسى بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق بەشێوەیەک لەگەڵ خواست و داواى گەلى عێراقدا بێتەوە، کردەوە.
بارزانی و حەلبووسی رێگەچارەی قەیرانەکانی عێراق تاوتوێدەکەن
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیاندا رێگەی چارەسەری قەیرانی ئێستای عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێیان تاوتوێکرد.
لە کۆبوونەوەکەیاندا كە د. فواد حوسێن، وەزیری دارایی حكومەتی عێراق ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێكران. رۆشنایی خرایە سەر بابەتی گۆڕینی یاساكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە هەر گۆڕانكارییەك کە دەکرێت پێویستە بە ئاراستەی خزمەتكردن و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بێت.




