رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کەسێک بەهۆی ژەهراویبوون بە دووکەڵی ئۆتۆمبێل گیانی لە دەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بابەک هودائی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "بەهۆی دووکەڵی ئۆتۆمبێل لە سەقز پیاوێکی تەمەن 35 ساڵ گیانی لە دەستدا."
بابەک هودائی گوتی: "دووکەڵی ئۆتۆمبێل لە شوێنێکی داخراو بووەتە هۆی ئەوەی ئەو کەسە تووشی هەناسە تەنگی ببێت و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە،21-12-2025، خیزانێکی چوار کەسی بە هۆی لێچوونی گازی ماڵانەوە ژەهراویبوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەم ساڵدا، 221 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون، کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی هەمان ئامار، پارێزگای ورمێ بە 39 کەس، سنە بە 25 کەس و تەورێز بە 18 کەس، زۆرترین ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنیان تێدا تۆمارکراوە.
ساڵانە لە وەرزی سەرما و لەگەڵ بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانیی بڵاوبوونەوەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ