وەڵامی مامۆستایانی ناڕازی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی: بایکۆت بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
مامۆستایانی ناڕازی وەڵامێکی توندی داوای یەکێتی بۆ شکانی بایکۆت دەدەنەوە و دەڵێن، یەکێتی ویستویەتی تاوەکو "هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی رادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات و وەک گوشارێکیش و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە".
 
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوێکی رۆژێک پێشتری یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دایەوە و رایگەیاند، "یەکێتیی دەتوانێت خەڵکی تر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بە کۆمەڵگە دەڵێنەوە، بەرچاویان روونە کە یەکێتیی خۆی بەشێکە لە کێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان ئەتوانن بەشێک بن لە چارەسەر".
 
رۆژی 22-01-2024، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و کە لە بەشێکیدا هاتبوو، ئەوان "پشتگیری" بۆ مافی مامۆستایان دەکەن، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت".
 
یەکێتی کردنەوەی قوتابخانەکان و بەردەوامی پرۆسەی خوێندنی خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان، لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان.
 
مامۆستایانی ناڕازی لە وەڵامی یەکێتیدا دەڵێن، "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێکی گەورە و کاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار مانگ و نیو لە بایکۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێکی تەواوی خوێندن و لە سەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە پەراوێز و کۆتا خاڵی کۆبوونەوەکەیاندا، زۆر بە لاستیکی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێک و بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی (بایکۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێکی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە مامۆستایان دەکەن کە بایکۆت بشکێنن!".
 
مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، کەسی دووەمی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە "فیعلییش سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی زۆنەکەیانە؛ ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی رابردوودا جگە لە کۆمەڵێک لێدوان، هیچ هەنگاوێکی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە لە قەڵەمڕەوییەکەیاندا، کە لایەنی کەم دەیتوانی بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک لە پێنج خاڵی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، مامۆستایانیان دڵخۆش بکردایە و ئومێدێکی بۆ شکاندنی بایکۆت دروست کردبا ".
 
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە وەڵامە توندەکەیاندا کە بە نووسراو بڵاویان کردووەتەوە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێن، "یەکێتیی دەسەڵاتی رەهای هەیە لە زۆنەکەدا و لە کۆی هەرێم [ـی کوردستان]یش وەک پارتی بەرپرسیارە و ناتوانێت خەڵک بەلاڕێدا ببات و وەک ئۆپۆزیسیۆن لەلایەک موخاتەبەمان بکات و لەلایەکیترەوە مەڵبەند و کۆمیتەکانی و بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەمان بۆ بخاتەگەڕ تا ناچار بە دەوامکردنمان بکات".
 
ئەنجوومەنەکە لە یەکێتی دەپرسێت، "ئێمە لەوان دەپرسین؛ باس لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی دەکرێت لە بەغدا، ئایا هەوڵەکانی چیبوون و ئەنجامەکانی چی بوو؟ بە پێچەوانەوە، ئێستا بڕوایەک لەناو خەڵکدا هەیە، کە یەکێتیی پێنج مانگە پرسی بایکۆتی مامۆستایانی بۆ دوو مەبەست راگرتووە و گوشارێکی ئەوتۆی لە مامۆستایان نەکردووە تا بایکۆت بشکێنن؛ یەکەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی رادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات و دووەم: وەک گوشارێک و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەست بهێنن".
 
بەگوتەی مامۆستایانی ناڕازی، "ئێستاش کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوکە و [یەکێتی] پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە گوشار و چاوسوورکردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و کۆمەڵێک دەستەواژەی چەواشەکارانە، پرسەکە بێنێتەوە گۆڕێ".
 
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی سێ خاڵی خستووەتەڕوو کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
- بە راوێژ و پرسکردن بە هیچ کەس و لایەنێک بایکۆتمان نەکردووە، تاوەکو بە خواست و ویستی ئەویش بیشکێنین!
 
- بایکۆت پرسێکی سیاسیی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسیی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت! بۆ یەکێتییش وا باش بوو کە لەبری کۆبوونەوەی خۆی، گوشاری لە قوباد تاڵەبانی کردبا تا ببێتە فریادڕەسی خوێندنی ئەم ساڵی خوێندکاری هەژار و نەداران بەوەی کە ئەگەر مەسرور بارزانی و پارتی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ نەکات، ئەوا لە کابینە وەزارییەکەی دەکشێنەوە، نەک وەک ئۆپۆزسیۆن و تەنێکی نامۆ بە جەستەی حکومەت چەواشەکاریی بکەن!
 
- داخوازییەکانمان روونن، ئێستاش نەچووە و بچێت، دەتوانن دڵی شکاوی مووچەخۆران بە دەستبێنن و لە هەمان کاتدا دڵی خوێندکاران و کەسوکاریشیان خۆش بکەن.
 
بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن و بەبێ ئەنجام کۆتایی نایەت.