رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بایکۆتی مامۆستایان جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەو دەڤەرە "زەرەرمەندی سەرەکی دەبن"، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حیزبە کۆبووەوە.
راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەیان بەسەر چەند تەوەرێک دابەشبووە، دیارترینیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بایکۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن.
لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت".
هەروەها کردنەوەی قوتابخانەکان و بەردەوامی پرۆسەی خوێندن دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان، لایەنە سیاسیەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک کە رۆژی 18-12-2023 بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، "سەرکەوتنی گەورە و مێژووی"ـیان بەدەستهێناوە. هەروەها رەتیدەکاتەوە هێڵی سووریان لەسەر هیچ پێکهاتەیەکی شاری کەرکووک هەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، "کۆبوونەوە دووپاتیکردەوە کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عيراقییەکان دانوستان دەکات و هێڵی سوور بەرامبەر هیچ پێکهاتەیەک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی".
دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
ئەمڕۆ 22-1-2024، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە:
- هەڵسەنگاندن و راڤەکردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە، کە یەکێتی لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کوردە، هەروەک لەگەڵ تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵە کە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزاری لە هەرێم و ناوچە دابڕێندراوەکان و هەموو عێراق دەگەیێنێت.
- هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرکەوتنە گەورە و مێژووییەکەی یەکێتی لە کەرکووک، موسڵ، خانەقین و سەلاحەدین کە بەرهەمی یەک تیمی و هەماهەنگی ئۆرگانەکان و شەونخوونی یەکێتییە دڵسۆزەکان و وەفاداریی جەماوەریی حیزبی شەهیدان بوو. سەبارەت بە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، کۆبوونەوە دووپاتیکردەوە کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عيراقییەکان دانوستان دەکات و هێڵی سوور بەرامبەر هیچ پێکهاتەیەک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی.
- بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، کە گەرەکە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە هێڵە گشتییەکانی نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەو هەڵبژاردنەدا خستەڕوو.
- دوای هەڵسەنگاندنی کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتی کە ئەنجامی کۆنفراسەکە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا، ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن تاوتوێ کران کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
- دوایین تەوەری کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی تایبەتکرا بە پرسی بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان هەمیشە پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایان وفەرمانبەرانی هەرێم دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستە بە بەردەوامی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و تیمی یەکێتی لە حكومەت هەموو تواناکانی خۆیان خستووەتەگەڕ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی و سەردانە بەردەوامەکانی شاندی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا گەواهی بۆ ئەو راستیە دەدات، بەڵام ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێدێڵێت.
بۆیە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ئەرکی حكومەتی هەرێم و مامۆستایان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەکۆکانی میدیا دەزانین کە ئەم ئەرکە مێژووییە هاوبەشە جێبەجێ بکەن. دەستخۆشی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەین کە بە گیانێکی بەرپرسیارانە گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان، لە هەمانکاتدا داوا لە مامۆستا بەڕێزەکانی دیکە دەکەین کە کۆتایی بە بایکۆت بێنن و بە شێوازێکی دیکە بەرگری لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن، چونکە دەکرێ لە ئایندەدا دواکەوتنی مووچە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی ساڵێک لە پرۆسەی خوێندن بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژوویەکی نەخوازراو. بۆیە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووسی خوێندنی ئەم ساڵی منداڵەکانمان و هەق نییە لەمە زیاتر رێگا بدرێت پرۆسەی خوێندن دوابکەوێت.
با هەموومان پێکەوە بیر لە سلێمانی و دەوروبەری و لە ئایندە و چارەنووسی نەوەکانی ئەم دەڤەرە بکەینەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سلێمانی، 22-1-2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ