شارەوانیی بنەسڵاوە: ئەم هەفتەیە 100 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە

23-01-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە رایگەیاند، پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری قەزاکەیان و بردنیان بۆ شێڵتەر دەستیپێکردووە و تەنیا لەم هەفتەیەدا 100 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە.
 
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە رۆژی پێنجشەممە لە مێوانی پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا 33 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەدا جێبەجێکراون کە بەهاکەیان زیاتر لە 15 ملیار و 311 ملیۆن دینار بووە. هەشت لەو پرۆژانە پار بە بەهای نزیکەی هەشت ملیار دینار کاریان تێداکراوە و جێبەجێ کراون.
 
سەبارەت بە پلانی ساڵی 2025، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە گوتی، کۆمەڵێک پڕۆژەیان پێشکێشکردووە کە بەشێکیان رەزامەندییان لەسەر دراوە. لەوانە: دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی گەڕەکی 9 هەزاریی گەڕەسۆر، بە گوژمەی دوو ملیار دینار. دروستکردنی شەقام لەنێوان گەڕەکی ئاڵتوون و چوارچرا، بە گوژمەی سێ ملیار دینار لە تەندەرین دایە. دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی گوندی گەڕەسۆر بە گوژمەی 350 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر. پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی گەڕەسۆر، نۆژەنکردنەوەی پاکی نەمران لەناوەندی قەزای بنەسڵاوە، دروستکردنی پردی بنەسڵاوەی کۆن، بە گوژمەی 772 ملیۆن دینار لە تەندەر دایە. قیرتاوکردنی گەڕەکی گوڵان.
 
ئەو پرۆژانەی لە پلانی 2025ـی شارەوانیی بنەسڵاوەن، تێچووەکەیان دەگاتە نزیکەی 9 ملیار دینار. سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە دەڵێت: "بەشی زۆریان رەزامەندییان لەسەر دراوە."
 
سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە دەڵێت، وادەی مۆڵەتدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی، تاوەکو 01-03-2025 درێژکراوەتەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو ئەو وادەیە داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن.
 
بەگوتەی زریان سەباح، لە ساڵی 2024دا لە گەڕەکەکانی کۆتر سیتی، زێرەڤانی، بنەسڵاوەی بچووک، زیاتر لە 150 هاونیشتمانی سوودمەند بوون و مۆڵەتی زەوی سندووقییان پێدراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە