دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵدەدەین بگەینە کۆبانی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامیشلۆوە رایگەیاند، هاوکارییان بەسەر 500 خێزانی ئاوارەدا دابەش کردووە و کاروانێکی دیکەی سووتەمەنیش لە رێگەیە. دەشڵێت: "هەوڵی جیدی هەیە بۆ کردنەوەی رێڕەوێک تاوەکو هاوکارییەکان بگەیێنینە کۆبانی."
رۆژی هەینی (23-01-2026)، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامیشلۆوە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بەفربارین ئاستەنگی بۆ دروستکردوون و رێگەکان داخراون، بەڵام تیمەکانیان بەردەوامن.
موسا ئەحمەد گوتی: "دوێنێ هاوکاریمان بەسەر زیاتر لە 500 خێزان دا دابەشکردووە، بێگومان ئەمڕۆ ژمارەکە زۆر زیاتر دەبێت و بەرنامەمان هەیە بگەینە دێرکیش، کە بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 400 خێزانی ئاوارەی لێیە."
بەپێی ئامارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جگە لە کاروانی یەکەم کە 67 بارهەڵگر بوو، دوێنێ 12 بارهەڵگری دیکە و تیمێکی تەندروستی و 150 کارمەند گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی کە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدراوە، موسا ئەحمەد ئاشکرای کرد: "پێموایە زیاتر لە خواردن، خەڵکی ئێرە چاویان لە سووتەمەنییە. ئێستا زیاتر لە 100 هەزار لیتر سووتەمەنی لە رێگەدایە و هەوڵدەدەین داوا لە جەنابی سەرۆکی حکومەت بکەین، بڕەکەی زیاتر بکرێت."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆربەی ئاوارەکان لە قوتابخانە و مزگەوتەکان دەمێننەوە، بەڵام بەشێکیان لەناو ئۆتۆمبێل و ماڵی خزمەکانیانن و هەوڵدەدەن ئەوانیش بێبەش نەکەن. گوتیشی: "تەنیا لە یەک قوتابخانەی قامیشلۆ زیاتر لە 400 خێزان هەن."
سەبارەت بە دۆخی کۆبانی کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئاو و ئینتەرنێتی لێ بڕاوە، موسا ئەحمەد رایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن.
موسا ئەحمەد گوتی: "سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵن بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی. دوێنێ داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە رێگەخۆشکەر بن. هیوا هەیە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە و بابەتەکە پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەیە."
بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، خەڵکێکی زۆر لە دێرک، تربەسپی، چل ئاغا و عاموودا و حەلەب ئاوارە بوون و زۆربەیان روویان لە قامیشلۆ کردووە.