رووداو - هەولێر
تادێت ئابڕوچوونەکەی وڵاتی بەرزایل روو لە زیادبوون دەکات، وڵاتانیش بازاڕەکانیان بەڕووی هاوردەکردنی گۆشتی بەرازیلیدا دادەخەن. بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت چەند مانگێكە هیچ بڕە گۆشتێك لە بەرازیلەوە هاوردە نەكراوە.
بەرازیل یەکێکە لە زەبەڵاحترین وڵاتانی جیهان کە ساڵانە بەهۆی هەناردەکردنی گۆشتەوە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت. ئەم ئابڕوچوونە لەکاتێکدایە، چەند ساڵێکە سەرۆکی بەرازیل لە هەوڵی ئەوەدایە کەرتی پیشەسازی گۆشت لە وڵاتەکەی بپارێزێت، بەتایبەتیش لەدوای ئەو داکشانەی ماوەی دوو ساڵە ئەو کەرتەی گرتووەتەوە.
ئەگەر چی پۆلیسی بەرازیل ئاشکرایکرد کە بەشێک لە کارگەکانی لەقتونانی گۆشتی ئاژەڵ، گۆشتی پیسیان فرۆشتووە کە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نەبووە، بەڵام ئیدوارد رانخیل، بەرپرس لە وەزارەتی کشتوکاڵی بەرازیل راگەیاندووە، هیچ کێشەیەکی تەندروستی لەو گۆشتانەدا نەبووە کە بەرازیل هەناردەی وڵاتانی کردووە.
لە ساڵی 2016 دا هەرێمی کودستان بڕی 4 هەزار و 950 تۆن گۆشتی لەدەرەوە هاوردەکردووە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەمریكای لاتین. لە %5 ی ئەو گۆشتەش لە وڵاتی بەرازیلەوە هاوردەکراوە. هۆكاری زۆربوونی خواست لەسەر گۆشتی هاوردەکراو هەرزانی نرخەکەیەتی بەراورد بە گۆشتی خۆماڵی.
بۆنموونە یەک کیلۆ گۆشتی بەڕازیلی بە 8 هەزار دینارە و یەک کیلۆ گۆشتی خۆماڵی بە 15 هەزار دینارە، ئەمەش وادەکات لەلایەن بەشێک لە چێشتخانەکانەوە خواست لەسەر گۆشتی بیانی زۆربێت. بەتایبەتیش لەدوای دروستبوونی قەیرانی دارایی توانای کڕین لەلایەن هاونیشتمانیان رووی لە کەمبوون کرد و بووە هۆکارێک کە بەشیکی زۆری هاونیشتمانیان بەدوای کڕینی ژەمێکی خواردنی هەرزاندا بگەڕێن.
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری بەشی سامانی ئاژەڵ و ڤێرتێرنەری بەوەكالەت لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، نزیكەی چوار بۆ پێنج مانگە رێنماییەكی تایبەتمان لەبارەی هەناردەكردنی گۆشت لە سەرجەم وڵاتانی دونیا داڕشتووە و سنوورەكانمان تووندكردوون".
گوتیشی "پێشتر بەڕێژەیەكی زۆر كەم گۆشت لە بەرازیل هاوردەدەكرا، لەوكاتیشەوە هیچ بڕە گۆشتێك لە بەڕازیلەوە هاوردەنەكراوە، بۆیە باوەڕناكەم ئەو گۆشتە خراپەی كە باسدەكرێت، لە بازاڕەكانی كوردستاندا هەبێ".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ